کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەواڵەکان سەبارەت بە گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بۆ قودس لە مانگی داهاتوودا، لەو بارەیەوە هێشتا هیچ بڕیارێکی دەرنەکردوە.
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە حکومەتی هەنگاریا وەک ڕاگەیاندنی پشتیوانی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی ڕاستڕەوی ئەو وڵاتە لە هاوتا ئیسرائیلییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، بەنیازە مانگی داهاتوو باڵوێزخانەی هەنگاریا لە ئیسرائیل بگوازێتەوە بۆ قودس.
ئەم کارەی هەنگاریا ئەگەر یەکلایی بکرێتەوە، ئەو وڵاتە دەکاتە یەکەم وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کە باڵوێزخانەکەی بگوازێتەوە بۆ قودس.
حکومەتی ئیسرائیل ئیدیعا دەکات قودس پایتەختییەتی، بەڵام زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو ئیدیعایەیان قبوڵ نەکردووە.
نۆڤاک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەکاتی سەردانێکدا بۆ پراگ گوتی "لە هەنگاریا تا ئێستا بڕیار لەسەر گواستنەوەی باڵوێزخانەکەمان لە ئیسرائیل نەدراوە".
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هەنگاریا ڕاپۆرتەکەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام ڕایگەیاند کە وەزارەتەکە لە هەموو حاڵەتەکاندا نوێکاری لەسەر هەر گۆڕانکارییەک لە باڵوێزخانەکەدا ڕادەگەیەنێت و گوتیشی "ئێمه پێشتر بەشی بازرگانی باڵوێزخانەکەمان لە ئیسرائیل گواستوەتەوە بۆ قودس."
پەرلەمانی ئیسرائیل لە ساڵی1980 یاسایەکی دەرکرد کە شاری قودسی بە شێوەیەکی "تەواو و یەکگرتوو" بە پایتەختی ئیسرائیل ناساند.
نەتەوە یەکگرتووەکان قودسی ڕۆژهەڵات بە داگیرکراو دەزانێت و دەڵێت چارەنووسی ئەو شارە تا ئەو کاتەی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان چارەسەر نەکرێت، جێگای مشتومڕە. فەلەستینیەکان داوا دەکەن کە قودسی ڕۆژهەڵات ببێتە پایتەختی دەوڵەتێکی داهاتووی فەلەستین.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018دا، ئەمەریکا باڵوێزخانەی خۆی لە ئیسرائیل گواستەوە بۆ قودس.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز