Accessibility links

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەگاتە تاران


بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی هەینی 3ی ئەم مانگە بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران گەیشتە تاران.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئیرنا، ڕافائیل گرۆسی لە لایەن بێهروز کەماڵوەندی گوتەبێژ و جێگری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی پێشوازی لێ کراوە و بڕیارە لە سەفەرە دوو ڕۆژەیەکەیدا لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی ئێران کۆببێتەوە و وتووێژ بکات.

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، ڕافائیل گرۆسی ڕۆژی شەممە چاوی بە محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی دەکەوێت و هەروەها دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندوە کە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەیەوێت لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانیش کۆببێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پشتڕاستی کردەوە کە پشکنەرانی ئاژانسەکە گەردیلەی یۆرانیۆمی پیتێنراویان بە چڕیی %83.7 لە ئێران دۆزیوەتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە ئەم ئاستە لە پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر نزیکە لەو ئاستە 90%ەی کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە واشنتن پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدات سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لە کاردانەوە بە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، چاوەڕێی ئەنجامی سەردانەکەی ڕافائیل گرۆسی بۆ تاران دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە بەشی ئینگلیزیی کەناڵی ئەلعەرەبی ڕاگەیاند و گوتی "دەزانین ڕافایل گرۆسی لە کۆتایی هەفتەدا بۆ کۆبوونەوەکانی ئاستی باڵا لە تاران دەبێت و چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو وتووێژانە دەکەین."

سەرچاوە/رادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG