ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر بۆ هەولێر تیشک دەخاتە سەر چەندین بابەت لە ناویاندا پرسی ئاوارەکان.
هەر پاش گەیشتنی بۆ هەولێر گۆتێرێش سەردانی کەمپی ئاوارەکانی جەدعەی کرد کە بەشێک لە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێن.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا دەڵێت "لە عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە کەمپی هۆل لە سوریا گەڕاونەتەوە کۆبوومەوە.
لێرەوە دەمەوێت پەیامێک بۆ هەموو ئەو وڵاتانە بنێرم کە هاووڵاتییان لەوێش هەیە: پێویستە هەوڵەکانیان بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی هاووڵاتیانیان چڕتر بکەنەوە."
گوتێترێش لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی هەرێم لە ناویاندا سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم ڕێواز فایەقدا کۆدەبێتەوە.
گوتێرێش ڕۆژی چوارشەممە لە بەغدا لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکاندا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکانیدا باسی چەندین بابەتی کرد لە ناویاندا پرسی گەندەڵی لە عێراق، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، پەیوەندییەکانی نێون هەرێم و بەغدا، پەیوەندی عێراق و وڵاتانی جیهان و ئاسایشی ئاو لە عێراق.
گوتێرێش دەستخۆشی لە هەوڵەکانی عێراق کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپی هۆل.
لە پاش مانگی سێی ساڵی 2017 وە ئەمە یەکەم جارە سکترێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی عێراق بکات. بڕیارە پاش سەردانەکەی هەولێرێ گۆتێرێش دەچێت بۆ قەتەر کە لەوێ بەشداری لە لوتکەی وڵاتانی بەرەو ڕسکانچوو دەکات.