Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکایی : ئێران دەتوانێت لە ماوەی 12 ڕۆژدا کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت دەشێت ئێران لە ماوەی "نزیکەی 12 ڕۆژدا" کەرەستەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێکی ئەتۆمی دروست بکات. ئەم ماوەیەی کە بەرپرسەکە ئاماژەی پێکردووە زۆر کەمترە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2015 کاتێک ڕێککەوتنە ناوکییەکە کرا. ئەو کاتە مەزەندە دەکرا ئێران پێویستی بە یەک ساڵ بێت بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێکی ئەتۆمی.

کۆڵن کاهل یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ سیاسەتی ئەمەریکا ئەم لێدوانەی لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەراندا خستەڕوو کاتێک ئەندامێکی کۆماری کۆنگرێس فشاری خستە سەر لەسەر ئەوەی بۆچی بەڕێوەبەرایەتی بایدن هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ی داوە.

کۆڵن کاهڵ بە یاسادانەرانی ڕاگەیند "لەبەرئەوەی پێشکەوتنی ئەتۆمی ئێران لەو کاتەوەی ئێمە لە ڕێککەوتنەکە (بەرجام) کشاوینەتەوە زۆر بەرچاوە. لە ساڵی 2018دا کاتێک بەڕێوەبەرایەتی پێشوو بڕیاری دەرچوونی لە ڕێککەوتنەکە دا ئەو کات ئێران نزیکەی 12 مانگی دەویست بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبێک. ئێستا نزیکەی 12 ڕۆژی دەوێت."

کاهل وتیشی "بۆیە پێموایە هێشتا ئەو بۆچوونە هەیە کە ئەگەر ئەم پرسە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت و سنووربەندییەکان بخرێنەوە سەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، باشترە لە بژاردەکانی دیکە. بەڵام لە ئێستادا ڕێککەوتنە ناوکییەکە لە دۆخێکی چەقبەستوودایە."

بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین جار ئەم ماوەی دابڕنەی ئێرانیان خەملاندووە بۆ ئەوەی بزانن کە چەند کات دەخایەنێت تا ئێران بتوانێت کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئێران لە بەرهەمهێنانی مادەی پیتێندراودا نزیکتر بووەتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان بەوە نییە کە شارەزایی تەواوی هەبێت لەو تەکنەلۆژیایەی کە بۆمبەکە دروست دەکات.

بە پێی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 ی زلهێزانی جیهان لەگەڵ ئێراندا ئێران بەرنامە ناوکییەکەی سنوردار دەکرد لە پێناو سوککردنی سزا ئابورییەکان. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 لەو ڕێککەوتنە کشایەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG