Accessibility links

پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر لەگەڵ ئاسایشی ئاو لە عێراق، بەشێک بوون لە بابەتەکانی لە نێوان گۆتێرێش و سودانیدا تاوتوێکران


لە کۆبونەوەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش و سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی لە بەغدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەریمی کوردستان کراوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی گۆتێرێش و سودانی، گۆتێرێش ڕایگەیاند " باسمان لە گرنگی بنیاتنانی هەنگاوە ئەرێنییەکانی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر و هەنگاونان بەرەو دیالۆگێکی دامەزراوەیی و ڕێککەوتنە بەردەوامەکان کردووە."

گوتێرێش لە بەشێکی تری قسەکانیدا گوتیشی دەزانن ئەو ئاستەنگانەی کە عێراق ڕووبەڕووی بووەتەو لە شەو و ڕۆژێکدا دروست نەبوون " ئەمانە بەرهەمی دەیان ساڵەی ستەم و شەڕ و تیرۆر و تائیفەگەری و دەستوەردانی دەرەکین."

گوتیشی کەس چاوەڕوانی ئەوە ناکات لە شەو و ڕۆژێکیشدا ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێن بەڵام ڕایشیگەیاند کە گەشبینە بەوەی دەرفەت هەیە بۆ پێشوەچوون.

گۆتێرێش دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیری عێراق کرد بۆ پابەندبوونی بە چارەسەرکردنی "بەشێکی زۆری کێشەکان" ی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە گوتی لەوانەدا " بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، و هەمەچەشنکردنی ئابووری بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و ڕەخساندنی دەرفەت، بەتایبەتی بۆ گەنجان."

سەرۆک وەزیری عراق محمەد شیاع سودانی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەغدا 1ی سێی 2023
سەرۆک وەزیری عراق محمەد شیاع سودانی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەغدا 1ی سێی 2023

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە گرنگی ئاسایشی ئاوی بۆ عێراق کرد و گوتی " نزیکەی دە هەزار ساڵ لەمەوبەر لێرەوە کشتوکاڵ بۆ یەکمجار گەشەی سەند."

گوتی " میزۆپۆتامیا بە واتای وشەیی یەعنی ‘زەوی نێوان ڕووبارەکان. بەڵام ئەمڕۆ دیجلەو فورات بەرەو وشک بوون دەڕۆن. ئاوی ڕووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە. ئەمە ئازام دەدات کاتێک دەبینم جووتیاران ناچارن ئەو زەویانە جێبهێڵن کە هەزاران ساڵە بەرهەمەکانیان لەسەر چێنراوە."

هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات سەرچاوەکانیان لە ناو تورکیاوەیە و بە سوریا و عێراقدا تێدەپەڕن و تەنها سەرچاوەی ئاوی عێراقن، بەڵام ئێستا بەهۆی دروستکردنی بەنداو لە ناو تورکیا ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاوە کەمیان کردووە و ئەمەش مەترسی ناسەقامگیری ئاو لە عێراقدا دروست دەکات.

گۆتێرێش ڕایگەیاند لە کۆتایی ئەم ساڵ کۆنفرانسی ئاوی ساڵی 2023 ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەنجام دەدرێت و بانگهێشتی عێراقی کرد بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی تری قسەکانیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکای عێراق بۆ گێڕانەوەی لە کەمپی هۆلی باکوری سوریا دەربڕی و پاشان گوتی " سەرۆک وەزیران بە ڕوونی پابەندبوونی خۆی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی شنگال دەربڕیوە کە ڕێگە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و شکۆمەندانەی ئێزدییەکان دەدات بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئێزدییەکان کە ئازارێکی بێئەندازەیان بینیوە، شایانی هاوسۆزی تەواوی ئێمەن."

سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیادن چاوەڕوانی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بۆ چاکسازی ئابوری و شەڕی دژ بە گەندەڵی گوتی " حكومەت لە دۆخی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیدایە و عێراق كلیلی چارەسەری ناوچەكەیە و كاردەكەین بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان."

سودانی ڕایشیگەیاند" عێراق ڕۆڵی پێشەنگ دەبینێت لە نێوان برا و دۆستاندا، ئێمە كاردەكەین بۆ دۆزینەوەی هاوبەشی ئابووری، بەتایبەتی كە عێراق سود لە سەرچاوە سروشتی و مرۆییەكان و هەروەها شوێنی جوگرافییەكەی وەردەگرێت."

بەر لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ سودانی گوتێرێش لەگەڵ سەرۆکی عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن کۆبووەوە.

لە پاش مانگی سێی ساڵی 2017 وە ئەمە یەکەم جارە سکترێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی عێراق بکات. بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش بگاتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەوێش لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمدا کۆببێتەوە.

XS
SM
MD
LG