Accessibility links

هاڕەی تمەن، هاوکاتی قەیرانە ناوخۆییەکانی ئێران


داڕمانی نرخی تمەنی ئێرانیی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکاییدا گورزێکی تری کەمەرشکێنی لە ئابوری کۆماری ئیسلامی ئێران داوە ئەمەش یەکەمین جارە دراوی ئێرانی بەم شێوەیەی ئێستا داببەزێت و نرخی یەک دۆلار بووەتە زیاتر لە 600 هەزار ڕیاڵ.

ئەم ڕەوشە وای کردووە کارداران هیچ بەرچاو ڕوونییەکیان لەبەردەمدا نییە بۆ ئایندەی دوور و نزیک.

خاتیرە شوکری، خاوەن کارداری
خاتیرە شوکری، خاوەن کارداری

خاتیرە شەکوری خانمێکی خاوەن کارە لە تاران دەڵێت کەس نازانێت چی ڕوو دەدات "ساڵی پار هێشتا ئابوری باش بوو، لە دوکانەکەمدا بازاڕم هەبوو، تەنانەت یەکێکی نوێشم کردەوە؛ بەڵام ئێستا ڕەوشی ئابوری بە هیچ شێوەیەک باش نییە و کەسیش نازانێت چیی ڕوودەدات."

زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئێرانی دەخوازن و هیوادارن بتوانن پارەکانیان بگۆڕنەوە بە دۆلار لەو شوێنانەی ئاڵوگۆڕی دراویی تیادا دەکرێت، ئەم هەوڵەش لەکاتێکدایە زۆربەشیان ترس و نیگەرانی دایگرتوون لەسەر ئەو پاشەکەوتەی کردوویانە نەک نەتوانێت لە مایەپووچ بوون ڕزگاریان بکات.

محەمەد جەواد، خاوەن کار
محەمەد جەواد، خاوەن کار

خاوەن کاردارییەکی دیکە بە ناوی محمەد جەواد لە دوکانەکەی خۆی لە ناو بازاڕی تاران بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاند "سنورێک بۆ پشوو درێژیمان هەیە، دەتوانین تا سنورێکی دیاریکراو بەرگەی سەختییەکان بگرین و ئیتر کە ئەو سنورە تێپەڕی، خەڵک هەڵوەستەیەک دەکەن و دەپرسن، ئێ باشە چی بکەین؟ لەوانەیە نرخی دۆلار بگاتە یەک ملیۆن ڕیاڵ، ئیتر چۆن بژیین؟ ئەم گرانییە تا چەندی تر و تا کەی بەردەوام دەبێت؟"

هاووڵاتیانی ئێرانی دەڵێن لەم ڕەوشە ئابورییەی وڵاتەکەیاندا ئەگەر خاوەنی بە ملیۆنان ڕیاڵی ئێرانی بن، هیچ سوودێکی نییە چونکە دراوەکەیان توانایی کڕینی کاڵا و پێداویستییە ڕۆژانەکانیشی نەماوە.

ناسر عەزیمی، فەرش فرۆش
ناسر عەزیمی، فەرش فرۆش

ناسر عەزیمی فەرش فرۆش لە تارانی پایتەختی ئێران گوتی "بەم نرخەی ئێستای یەک دۆلار کە 600 هەزار ڕیاڵە، هەرچ شتێک هاوردە بکەیت ئەوا دەبێت بە نرخێکی زۆر گران بیفرۆشیتەوە؛ ئەوەی ئێستا لە بازاڕدا دەفرۆشرێت کاڵای ئەو کاتانە بووە کە یەک دۆلار بە 37 هەزار بۆ 350 هەزار ڕیاڵ بوو. جا کە کاڵا نامێنێت ئەوا دەبێت هاوردەی نوێ بکەیت پارەی زیاتریش بدەیت، ئەوجا لەبری قازانج زیانێکی زۆریش دەکەیت."

لە مانگی یەکی ڕابردوودا ڕێژەی گرانی گەیشتە لە سەدا 53 و لە دەدا 4، لە کاتێکدا دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو ڕێژەیەلە سەدا 41 و لە دەدا 4 بووە بەپێی نێوەندی ئامارەکان لە ئێران.

ئەم ڕەوشە خراپە ئابورییەی ئێران هاندەرێک بووە بۆ توڕەیی و ناڕەزایی هاووڵاتیانی ئێرانی.

ڕژێمی ئێران کەوتووەتە ژێر باری ژمارەیەک سزای قورسەوە بەهۆی بەرنامە ناوکی و لەشکرییەکانییەوە کە بە هەڕەشە و مەترسی دادەنرێن بۆسەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی لە جیهاندا؛ هەروەهاش بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانە و ناڕەوای کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە هاووڵاتیانی ئێرانی کە داوای ماف و ئازادییەکانیان دەکەن.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG