Accessibility links

بەهۆی ڕووداوی بەلەمێک لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا 43 کەس گیانیان لەدەستدەدەن


پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا و پۆلیسی ئیتاڵیا ڕادەگەیەنن، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەلەمێکی کۆچبەران بەر بەردەکانی نزیک کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا کەوتووە و 43 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 کەسیش ڕزگاریان بووە.

ڕووداوەی کەشتییەکە لە نزیک ستیکاتۆ دی کوترۆ، ڕوویداوە کە هاوینەهەواری کەنار دەریایە لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی کالابریا.

پاسەوانی کەناراوەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە ئێستادا بە گشتی 80 کەس بە زیندووی دۆزراونەتەوە - هەندێکیان دوای نوقمبوونی کەشتییەکە توانیویانە بگەنە کەنارەکە - و 43 تەرم لەسەرانسەری کەناراوەکە دۆزراونەتەوە".

هەروەها دەشڵێن گەڕان بەدوای کەسانی دیکەی کە شیانی هەیە زیندوومابن هێشتا بەردەوامە.

پێشتر ئەنتۆنیۆ سێراسۆ، سەرۆکی شارەوانی شاری کوترۆ بە کەناڵی هەواڵی SkyTG24ی ڕاگەیاندبوو، ژن و منداڵان لەنێو ئەو کەسانەدان کە گیانیان لەدەستداوە.

گوتیشی ئەو بەلەمە دارەی کۆچبەرەکان لە بارودۆخێکی زریاناویدا لە ناو دەریاکە تێکشکاوە، بەشێک لە پارچەکانی بە درێژایی 300 مەتری کەناراوەکەدا دۆزراونەتەوە.

بە پێی ئاژانسەکانی دەنگوباس کۆچبەرەکان خەڵکی ئێران، پاکستان، ئەفغانستان، عێراق و سوریان.

XS
SM
MD
LG