لە کاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیا حکوومەتییەکان و ڕۆژنامەکانی سەر بە سوپای پاسداران باس لە "لێبوردنی گشتی" عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران و ئازادی دەستبەسەربوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران دەکەن و تاکو ئێستاش کۆمەڵێک لەو کەسانە ئازاد کراون، بەڵام هاوکاتی ئەمە دەستبەسەرکردنی کوردەکان لە شارەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەردەوامە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، خەبات فەدایی تەمەن 39 ساڵ کە چالاکێکی کرێکاری و هونەرمەندێکی خەڵکی شاری سنەیە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆرشی ئیسلامی شاری وەرامینەوە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە.
خەبات کە دانیشتووی تارانە، مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تارانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە.
ناوبراو دوای دوو مانگ لە دەستبەسەربوونی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ئەم هونەرمەند و چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم" بە پێنج ساڵ زیندانیکردن و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" بە یەک ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤ نووسیوێتی بڕیارەکەی دادگا کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا دەرچووە، ئەگەر بێتو لە دادگای پێداچوونەوەشدا پەسەند بکرێت، ئەوا ئەو چالاکوانە دەبێت بە پێی یاسای چەسپاندنی سزاکانی ئێران، لە کۆی گشتی 6 ساڵ سزای زیندانیکردن، قورسترین سزاکەی واتە 5 ساڵ زیندانیکردن تێپەڕێنێت.