Accessibility links

وەزیری شەهیدان: بۆردێکی نوێ پێکهێندراوە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی ونبووانی هەڵەبجە و ئەنفال


عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە دەنگی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت کە بۆردی نوێ لە وەزارەتە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێم دەستدەکات بە کارکردن بۆ بڕیاردان لەسەر پشکنین و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ڕەچەڵەکی ئەو کەسانەی کە لە کارەساتەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال ونبوون.

وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند، "ئەم بۆردە تەنها لایەنی سەرەکیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرپرسیارێتی ونبووانی لەخۆگرتووە و له ‌دەرەوەی ئەم بۆردە هیچ لایەنێکی فەرمی نییە بۆ گەڕان و بەدواداچوون لەسەر مەسەلەی منداڵە ونبووەکان."

بۆردەکە کە بە فەرمانێکی وەزاری لە 16 ی مانگی یازدەی ساڵی 2022 بڕیاری لەسەر دراوە لە پێنج ئەندام پێکدێت، بە سەرۆکایەتی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەندامێتی نوێنەتی چوار وەزارەتی تر کە بریتین لە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم وەک نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ ، نوێنەرێکی وەزارەتی داد، ڕاوێژکارێک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، و ڕاوێژکارێک لە وەزارەتی تەندروستی. ئەمە سەرەڕای ئەندامێتی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدانی هەڵەبجە بە وەکالەت.

پشکنینی دی ئێن ئەی

بە وتەی وەزیری کاروباری شەهیدانی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ لایەنی پەیوەندیدارە بە پشکنینی پزیشکی و وەزارەتەکانی تر بەپێی تایبەتمەندی خۆیان لەناو ئەم بۆردەدا بەرپرسیارێتیان بۆ دیاریکراوە لە پرۆسەی گەڕان و بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.

عەبدوڵای حاجی مەحمود وتی، "وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت پشکنینی (دی ئێن ئەی) ئەنجام بدات و ئامێری پێشکەوتویان هەیە. ئێمە لە دوای دامەزراندنی ئەم بۆردە هەنگاومان ناوە و ڕێکاریشمان داناوە. لەگەڵ کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئەوەی زۆربەی منداڵە ونبووەکان خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەن. پلانیش هەیە شاندێک دەنێرینە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی بە زووترین کات بەدوای چارەنووسی مناڵە ونبووەکانی هەڵەبجەدا بڕۆین.

بەپێی ئامارێک کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، بەهۆی کیمیابارانکردنەکەی ساڵی 1988وە لە لایەن حکومەتی عیراق 211 کەس کە منداڵ بوون لەو کاتەدا چارەنووسیان نادیاربوو و پێشبینی دەکرێت ئەوانەی تا ئێستا بێسەروشوێنن لە وڵاتی ئێراندا بن. لە شاری هەڵەبجە 74 خێزان منداڵەکانیان ونن و لەو ژمارەیەش 36 خێزانییان بە فەرمی لە دادگا سکاڵایان بۆ گەڕانەوەی منداڵەکانیان تۆمارکردووە. ئامارە فەرمییەکە نیشانی دەدەن کە تا ئێستا 18 لە ونبووەکان گەڕاونەتەوە، لە نێوانیان پێنج کەس بە بێ پشکنین ناسنامەیان ئاشکراکراوە و 13ی تریان دوای پشکنین بە کەسوکاریان شادبوونەتەوە.

کەیسی هاوڕێ ئەنوەر

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو دادگای هەڵەبجە بڕیارێکی دەرکرد لەسەر کەیسی هاووڵاتییەک بە ناوی هاوڕێ ئەنوەر کە دەڵێت هاووڵاتی هەڵەبجەیە و دوای کارەساتەکەی ساڵی 1988 لە خێزانەکەی دابڕاوە و لەلایەن خێزانێکی کەرکوکییەوە بەخێوکراوە.

بەڵام ئەوەی بووە جێگەی سەرنج لە هەرێمی کوردستان بریتی بوو لەوەی مەحمود فەتاح، کە بە پێی بڕیارەکەی دادگای هەڵەبجە بێت باوکی بایەلۆجی هاوڕێ یە، بڕیارەکەی ڕەتکردەوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بە پشتبەستن بە پشکنینێکی تری دی ئێن ئەی کە لە سلێمانی ئەنجامدراوە بۆی دەرکەوتووە هاوڕێ کوڕی ئەو نییە.

پشکنینەکەی سلێمانی لە سەنتەری مایکرۆجین ئەنجامدراوە.

ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، فەرهاد بەرزنجی کە سەرۆکی سەنتەرەکە بە کەناڵی KNNی ڕایگەیاند کە ئەنجامی پشکنینەکانیان دەریدەخەن ئەم دوو کەسە باوک و کوڕ نین.

هەر لە بەرنامەکەی کەناڵی کەی ئێن ئێندا لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، گومانی خۆی ڕاگەیاند لەسەر ئەنجامی پشکنینانەکان و وتی، "پێدەچێت هاوڕێ ئەنوەر منداڵی ونبووی ئەنفال بێت نەک هەڵەبجە. پێویستە ببرێنە دەرەوەی وڵات بۆ پشکنین."

وەزیری کاروباری شەهیدانی هەرێم ئامادە نەبوو وەڵامی دەنگی ئەمەریکا بداتەوە لەسەر کەیسی هاوڕێ ئەنوەر.

دوای چەندین پرساری دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم کەیسە، وەزیر ڕایگەیاند، "ئێمە لێرەوە، لە ڕێگای ئەم وتووێژەی دەنگی ئەمەریکاوە، ڕایدەگەیەنین هەر کەسێک دەیەوێت ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدات ئەگەر لە ڕێگەی ئێمەوە نەبێت حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەو بۆردەش بەرپرسیار نییە لێی."

بۆردەکە نەگەیشتۆتە "شوێنی مەبەست"

شایەنی باسە، دادگای هەڵەبجە دەڵێت بڕیارەکەی 15ی ئەم مانگەی لەسەر بنەمای ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی شاری بەغدا بووە کە بۆ هاوڕێ ئەنوەر کراوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە وەزارەتی شەهیدانی هەرێم هەڵوێستی لەسەر ئەنجامە پێچەوانەکانی پشکنین لە بەغدا و سلێمانی چییە و بۆچی پشکنینەکە لە لایەن بۆردەکەی هەرێمەوە نەکراوە، عەبدوڵای حاجی مەحمود ڕایگەیاند، "هەر ونبوویەک لە ڕێگەی بۆردی ونبووانی هەڵەبجەوە نەبێت ئێمە هیچ قسەیەکمان لەسەری نییە. لەبەر ئەوەی بۆردەکەمان تازەیە گشتاندنمان کردووە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕەنگە وەکو پێویست نەگەیشتبێتە شوێنی مەبەست."

کەیسی هاوڕێ ئەنوەر تاکە نمونە نییە کە تێیدا قوربانیانی هەڵەبجە، دوای چەندین ساڵ ونبوون و دابڕانیان لە خێزان و ئازیزەکانیان، دواتر دەوترێت ناسنامەکانیان بە هەڵە دەستنیشان کراوە. ڕووداوی لەم شێوەیە ئازاری ونبووانی هەڵەبجەی قوڵتر کردۆتەوە.

چیرۆکی مريەم بالوچيان یەکێکە لەو نمونە دڵتەزێنانەی کە دوای چەندین مانگ ڕاگەیەندرا کە ئەنجامەکانی پشکنینی دی ئێن ئەی بە هەڵە بۆ کراوە.

مريەم لە کاتی کيميابارانى هەڵەبجەدا تەمەنى تەنها 8 مانگ بووە و دوای دابڕانی لە بنەماڵەکەی خێزانێکى فارس لە مەشهەد بەخێوى دەکەن. ئەو ئافرەتە کوردە کە گەورە دەبێت دەزانێت منداڵى ئەو ماڵە نيیە و بۆ زانینی ناسمانەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە.

ئەنجامێکی کارەساتبار

لە مەراسیمێکی تایبەتدا مانگی 8ی ساڵی 2015 و دوای زیاتر لە سێ مانگ گەڕانەوەی مریەم بۆ هەڵەبجە، کۆمەڵەى قوربانيانى کيميابارانى هەڵەبجه ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە لە نێو 37 خێزانی هەڵەبجە کە بە دوای منداڵە ونبووەکانیان دەگەڕێن، ناسنامەی مریەمیان ئاشکرا کردووە. ئەو کات ڕایانگەیاند کە ناوی ڕاستەقینەی مریەم بریتییە لە هاوناز ئەحمەد قادر و لە مەراسیمێکی گەورەدا خرایە باوەشی ئەو خێزانە هەڵەبجەییەی کە دەگوترا کەسوکاری ئەون.

کەچی دوای نزیکی ساڵێک ئەوە ڕاگەیەندرا کە تۆمارە پزیشکیەکان دەریدەخەن هاوناز ئەحمەد قادر دوای کیمابارانی هەڵەبجە گیانی لەدەستداوە و لە شاری تاران نێژراوە.

دواتر مریەم ناسنامەکەی لێسەندرایەوە و ئەو کات بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی جارێکی تر ناسنامەیەکی نوێی پێبەخشرا بە ناوی ژیان.

عەبدوڵای حاجی مەحمود ئەم دۆسێیانە بە ئەزمونی نەخوازراو دادەنێت و دەڵێت، "بەداخەوە ئەزموونی پێشوو ئەزموونێکی ناخۆشە. ئەزموونەکانی ڕابردوو سەرکەوتوو نەبوون بۆیە ئەم بۆردە دامەزراوە بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە و بەسەرکەوتووی بتوانین پرۆسەکە بەڕێوە ببەین."

وەزیری شەهیدان جەختیکردەوە کە بۆردەکە ئامێری پێشکەوتووی لە ڕێگەی‌ وەزارەتی ناوخۆ بۆ دابینکراوە بە شێوەیەک کە ڕێگربێت لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە کە ئازارەکانی قوربانیانی هەڵەبجە نوێ دەکاتەوە.

ئەو ڕایگەیاند، "هەموو خەرجی و بەرپرسیارێتی دارایی و ناسینەوە و بە دواداچوون لەسەر بۆردەکەیه.‌"

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:48 0:00
XS
SM
MD
LG