Accessibility links

ئێران زیندانییەکی سیاسی کوردی بە نهێنی لە سێدارە دا


سەرکەوت ئەحمەدی
سەرکەوت ئەحمەدی

میدیاکانی حکومەتی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 22ی ئەم مانگە ڕایانگەیاند کە زیندانییەکی سیاسی کوردیان بە تۆمەتی "ئەندامبوونی لە حزبی کۆمەڵە و کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیس" لە سێدارەداوە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا لەم بارەیەوە نووسیوێتی " سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە سزای لەسێدارەدانی ئارەش ئەحمەدی، ناوسراو بە سەرکەوت وەرزشوان و ئەندامی پێشووی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، کە لە مانگی12ی ساڵی 2020دا لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە نهێنی لە زیندانی دیزڵ ئاوای کرماشان جێبەجێکراوە."

پەخشی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاتی ڕاگەیاندنی هەواڵی لە سێدارەدانی ئەو زیندانە سیاسیە کوردە، دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراویشی بڵاو کردوەتەوە.

بەڵام ئەو دانپێدانانە زۆرەملێیانە هەمیشە لەلایەن چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە سەرکۆنە کراون و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا بەدەست هاتوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش کە بنکەکەی لە وڵاتی نەرویجە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی"سەرکۆت ئەحمەدی خەڵکی شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشانە بووە و ئەندامی پێشووی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بووە."

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت سەرکەوتی تەمەن ٢٩ ساڵ، دوای بەجێهێشتنی کۆمەڵە لە ساڵی 2020دا بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەورووپا لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناو ئێران، بەڵام لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە لە نزیک شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کراوە.

دوو مانگ دوای دەستبەسەرکردنەکەی سەرکەوت، کەمپی ئەشرەفی سەر بە هێزی زەمینی سوپای پاسداران ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە سەبارەت بەوەی کە هاووڵاتییەکی بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزی پۆلیس دەستگیر کردوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی تا ئێستا هیچ زانیاری و وردەکارییەک لەبارەی دادگایکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە نەخراوەتە ڕوو، بەڵام بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیس ڕووبەڕووی تۆمەتی 'محاریبە' بووەتەوە کە سزای ئەم تاوانەش لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا، لەسیدارەدانە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و بەشێک لە ڕێکخراوەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ جەختیان لەوە کردەوە کە لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و بەڕێوەچوونی دوایین دیدار نزیکەکانی بووە.

ئەو رێکخراوەیە لە زاری بەشێک لە کەسوکاری ئەو زیندانییە سیاسییەوە نووسیوێتی دوای دەستبەسەرکردنی سەرکەوت، ناوبراو لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و لە ژێر ئەشکەنجەیەکی قورسدا بە شێوەی زۆرەملێ دانپێدانانیان لێوەرگرتوە و هەروەها مافی ئەوەی لێسەندرابووە کە پارێزەری خۆی لە دادگادا هەبێت.


XS
SM
MD
LG