Accessibility links

لە ساڵیادی لەشکرکێشی ڕووسیادا، زێلێنسکی بە هیوای سەرکەوتنە لەم ساڵدا


ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی سوێندی خوارد هەموو هەوڵێک بدات بۆ شکستپێهێنانی ڕووسیا لەمساڵدا، و ڕاگەیاند کیێڤ ئامادەکارییەکانی بۆ هێرشی بەرپەچدانەوە دەکات، ئەم لێدوانەی لە یەکەم ساڵیادی گەورەترین ململانێی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هاتووە.

زێلێنسکی لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "بەرگەمان گرت. شکستمان نەهێنا. وە ئەمساڵ هەموو شتێک دەکەین بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن".

ئەو شارانەی کە بوونەتە شوێنی تاوانە جەنگییەکانی ڕووسیا وەک بوچا، ئیرپین و ماریوپۆل بە "پایتەختی نەدۆڕان" ستایشی کرد، وتی "هەرگیز پشوو نادەین تاوەکو بکوژە ڕووسییەکان ڕووبەڕووی سزای شایستە دەبنەوە".

هاوکات هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا جەختیان لەسەر پشتگیری بێوچانی خۆیان بۆ کیێڤ کردەوە و سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ماتیوس مۆراڤیسکی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پایتەختی ئۆکرانیا ئامادەبوو بۆ ئەوەی پەیامێکی اماژەیەکی ڕوون بۆ پشتیوانی زیاتر بنێرێت. هەروەها ئەمەریکا سزاکانی سەر ڕووسیای زیاتر کرد و ئەمجارە بانکەکانی وڵاتەکەی و پیشەسازی سەربازی کردە ئامانج.

ڕووسیا هەر سوورە لەسەر بەردەوامبوون لەم شەڕەدا لەم دەمەی دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکانی "بۆ بەرەو سنوورەکانی پۆڵەندا" پاڵ بنێت.

جێی بەبیرهێنانەوەیە ساڵێک لەمەوبەر ، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین جیهانی شۆک کرد بە ناردنی هێزەکانی بۆ ئەودیوی سنوورەکان، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە وەک سزایەک بۆ لایەنگیری کیێڤ بۆ ڕۆژئاوا سەیر دەکرێت.

شەڕەکە ساڵێکە بەشێکی زۆری ئۆکرانیای وێران کردووە و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە، و بەپێی سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان زیاتر لە 150 هەزار قوربانی لە هەر لایەکدا بووە.

ڕۆژئاوا سزای توندتری بەسەر ڕووسیادا سەپاند و هاوکاری مرۆیی و دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا زیاترکردووە، ئەمەش بووە هۆی هۆشداری لە مۆسکۆوە سەبارەت بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار.

لە کاتێکدا شەڕەکە دەچێتە ساڵی دووەمەوە، زێلێنسکی بەڵێنیدا لە چەند مانگی داهاتوودا هەموو ڕێگەیەک بگرێتەبەر بۆ شکستپێهێنان بە داگیرکەران.

بە بۆنەی ساڵیادی لەشکرکێشی لە سەرانسەری پایتەختەکانی ئەوروپا، پلانی ئەوە دانراوە کە خۆپیشاندانەکانی دژە شەڕ لە سەرانسەری پایتەختەکانی ئەوروپا بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا لە پاریس تاوەری ئیڤڵ بە ڕەنگی زەرد و شینی ئاڵای ئۆکرانیا ڕووناک کرایەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG