Accessibility links

ئەڵمانیا دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە وڵاتەکەی دەردەکات


ئەڵمانیا دەڵێت فەرمانی بە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران کردووە دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن لە وەڵامی سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک ئێرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەڵمانیا بانگی بەرپرسی کاروباری ئێرانی کردووە و پێی ڕاگەیاندراوە کە " ئێمە پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی هاووڵاتییەکی ئەڵمانی قبوڵ ناکەین."

بێربۆک گوتیشی " داوا لە ئێران دەکەین حوکمی لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد هەڵبوەشێنێتەوە و پرۆسەی پێداچوونەوەی دادپەروەرانەی بۆ دابین بکەن کە لەسەر بنەمای فەرمانی یاسا."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئولاف شۆڵز ئەو سزایەی شەرمەزار کرد و بە جێگای قبوڵنەکردن ناودێری کرد و داوای لە ئێران کرد سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە.

شۆڵز لە هەژماری تویتەریدا نوسیویەتی " ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوازێک ڕووبەڕووی گەلەکەی دەبێتەوە و بێباکە لە مافەکانی مرۆڤ. سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد قبوڵ ناکرێت. ئێمە بە توندی ئیدانەی دەکەین و داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەین ئەم بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە."

ئاژانسی دەنگوباسی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند شارمەهد، هاووڵاتییەکی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک ئێرانی، بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی لەسەر زەوی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دراوە.هەروەها ئاژانسەکە دەشڵێت " شیانی پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەکەدا هەیە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، کونسوڵخانەکە کار لەسەر پشتیوانی زیاتری ئەو کەسە خاوەن دوو ڕەگەزنامەیە دەکات و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کەسوکاریدا.

گوتەبێژەکە دەشڵێت " ئێمە بەردەوام دەبین لە دابینکردنی پشتیوانی کونسوڵخانە تا ئەو ئەندازەیەی بتوانین. ڕوونیشم کردووەتەوە ئەم بابەتە لە ئێران چەند سەختە."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بڕیارێکی قۆناغی یەکەمە و بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنی دۆخەکە دەکەین.

ئێران دەڵێت شارمەهد، کە مافی نیشتەجێبوونی ئەمەریکاشی هەیە، سەرۆکایەتی گروپێکی سەر بە دەسەڵاتی پاشایەتی کردووە کە تۆمەتبارە بە تەقینەوەیەکی کوشندە لە ساڵی 2008 و پلاندانان بۆ هێرشی تر لە وڵاتەکەدا.

گرژییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر بووە ئەمەش وایکردووە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی تاران زیاتر دووربخاتەوە.

ئەڵمانیا پشتیوانێکی سەرەکی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بوو لە دژی ئێران بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG