Accessibility links

دەستپێشخەرییەکەی یەکێتی بۆ پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم


یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەرییەک ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، ئەمەش بەپێی وتەی د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت: نابێت ئەم ژەهرە بنۆشرێتەوە، کارێکی باش نییە، تەنانەت بیریشی لێبکرێتەوە کە تەمەنی پەرلەمان جارێکی تر درێژبکرێتەوه.‌ "

پێشەوا هەورامی
پێشەوا هەورامی

لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هەر دەستپێشخەریەک شتێکی باشە و قابیلی ئەوەیە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، هەرچەندە بە بۆچوونی من هەڵبژاردن بابەتێک نییە موناقەشەی لەسەر بکرێت. "

هەورامانی وتیشی" جارێک بە ناچاری یان بە هەر ڕێگەیەک بووه هەڵبژاردن‌ دواخراوە پێویست ناکات جارێکی تر ئەم ژەهرە بنۆشرێتەوە، کارێکی باش نییه،‌ تەنانەت بیریشی لێبکرێتەوە کە تەمەنی پەرلەمان جارێکی تر درێژبکرێتەوە. "

مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان مانگی دەی ساڵی ڕابردووی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دیاریکرد، بەڵام هەڵبژاردن ئەنجامنەدرا، هەریەکە لە پارتی و یەکێتیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە ئامادەنەبوون بۆ هەڵبژاردن و هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن.

لە ئێستاشدا بەپێی وتەی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم، سەرۆکی یەکێتی دەستپێشخەری داوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەمساڵدا.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پرۆژەی حزبەکەی، باڵانبۆ محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو دەستپێشخەریە ئەوەیە کە هەوڵ بدرێت لەم ماوەیەی کە درێژکراوەتەوە بۆ پەرلەمان گرفتی تۆماری دەنگدەران و گرفتەکانی تریش چارەسەر بکرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی نەداوەتەوە.

پێشەوا هەورامانی دەڵێت" من ناوەڕۆکی دەستپێشخەریەکە نازانم چونکە ئەمە شتێکی تازە بوو کە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی پێکردووە، بەڵکو ئەم دەستپێخەریە نیەتێکی باش بێت با لەسەر ئەگەری ئەوە قسەبکەین کە ڕێکبکەوین من لەسەر ئەگەری ڕێکنەکەوتن قسە ناکەم. "

دەسپێشخەرییە یان مەرج؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەسپێشەخەرییەکە مەرجی تێدایە بۆ لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم؟

باڵانبۆ محەمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
باڵانبۆ محەمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان(باڵانبۆ محەمەد) وتی" ئەمە نابێت پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەرجی بزانێت، چونکە ئێمە یاسای هەڵبژاردنمان هەبووە و سیستەمێکی هەڵبژاردنی یەک بازنەیمان هەبووە چەندان خولی پەرلەمان ئێمە بەم سیستەمە کارمان کردووە ئەمە بۆتە هۆی نادادپەروەریەک لە کورسییەکان بەسەر زۆنەکانی هەرێمی کوردستاندا بۆیە لایەنەکان پێیانوابووە ئێمە واز لەو سیستەمە بهێنین و بیکەین بە سیستەمێکی فرە بازنەیی بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن لەسنورەکانی هەرێمی کوردستان دەنگ بهێنن کەسێکی لۆکاڵی ئاگاداری کێشەو گرفتەکانی سنوورەکەی خۆی بێت لە سنوورەکانی تر ئەو کەسە نەناسراوە. "

پێشەوا هەورامانیش دەڵێت" ئەگەر نیەتی خۆسەپاندن بێت پارتی هیچ کات مەرجی قبوڵ نەکردووە لە هیچ کەس، بەڵام ئەگەر مەسەلەکە هاتنەپێشەوە و گفتوگۆ بێت هەموو شتێک قابیلی موناقەشە و گفتوگۆکردنە، هەڵبژاردن نە هی پارتیە و نە هی یەکێتیە، بەڵکو مافێکی ڕەوای خەڵکە کە هەتا ئێستا ساڵێکە پێشێلکراوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هۆکار بووە هیوادارین جارێکی دیکە ئەمە ڕوونەداتەوە. "

چی نوێ لە دەستپێشخەرییەکەدا هەیە؟

تا ئێستا ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکەی یەکێتی بۆ پارتی بڵاونەبۆتەوە، بەڵام بە وتەی باڵانبۆ محەمەد ناوەڕۆکەکەی نەرمی نواندنی هەردوو حزبە لەسەر ئەو گرفتانەی پێشتر لەسەر هەڵبژاردن هەبوو.

لەو ڕووەوە ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی( باڵانبۆ محەمەد) وتی " ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە هەردوولا (پارتی و یەکێتی) نەرمی بنوێنن و کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و هەوڵبدرێت بۆ چارەسەری گرفتەکانی تر. "

پێشەوا هەورامانیش دەڵێت "بەم جۆرەی کە ئێستا هەیە، پارتی لە بەشێکی زۆری داواکارییەکان نەرمی نواندووە، بۆیە جارێکی تر ناچاری ئەم ژەهرە نەبینەوە چونکە پەرلەمان و پرۆسەی دیموکراسی نابێت تێکەڵی هەندێک کێشەی دیکە بکەین واتە لە هیچ دۆخێکدا قبوڵکراو نەبێت دەست بۆ پەرلەمان و پەکخستنی ببرێت. "

XS
SM
MD
LG