Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکانی تورکیا و سوریا 46 هەزاری تێپەڕاند


لەئەنجامی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا زیاتر لە 46 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و پێشبینی دەکرێت ژمارەیان بەرزبێتەوە لەم دەمەی نزیکەی 246 هەزار شوقە لە تورکیا وێران بوون و ژمارەیەکی زۆریان هێشتا بێسەروشوێنن لەکاتێکدا فریاگوزاران گوێ دەگرن بۆ نیشانەکانی ژیان لە ژێر داروپەردوودا.

لە کاتێکدا تورکیا هەوڵی بەڕێوەبردنی خراپترین کارەساتی سەردەمی خۆی دەدات، نیگەرانییەکان لەسەر قوربانیانی ئەو کارەساتە لە سوریا پەرەی سەندووە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی فشاری خستۆتە سەر دەسەڵاتدارانی باکوری ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی واز لە ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوە بۆ ناوچەکە ڕابگرن لەکاتێکدا هەوڵدەدات یارمەتی سەدان هەزار کەس بدات کە بەهۆی بوومەلەرزەوە وێران بوون.

دوانزە ڕۆژ دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکە، کارمەندانی فریاگوزاری قەرغیزستان هەوڵیان دا بنەماڵەیەکی سووری کە پێنج کەسی بوون لە داروپەردووی باڵەخانەیەکی شاری عەنتاب لە باشووری تورکیا ڕزگار بکەن.

سێ کەس بە زیندووی ڕزگار کران. تیمی فریاگوزاری ڕایانگەیاند، دایک و باوکێک و منداڵێک لە ژیاندا ماون بەڵام دواتر منداڵەکە بەهۆی وشکبوونەوە گیانی لەدەستداوە، خوشکێکی گەورە و دوانەیەک گیانیان لەدەستدا.

ئاتای عوسمانۆڤ، ئەندامی تیمی فریاگوزاری، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "کاتژمێرێک لەمەوبەر لەکاتی هەڵکەندنی ئەمڕۆدا گوێمان لە هاوار بوو، کاتێک کەسانێک دەدۆزینەوە کە لە ژیاندان هەمیشە دڵخۆش دەبین".

دە ئەمبولانس لە شەقامێکی نزیکدا چاوەڕێیان دەکرد کە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان گیرابوو بۆ ئەوەی ڕێگە بە کاری ڕزگارکردن بدرێت.

کرێکاران داوای بێدەنگی تەواویان دەکرد کاتێک تیمەکان زیاتر سەردەکەون بۆ سەرەوەی داروپەردووی بیناکە کە خێزانەکە دۆزرایەوە بۆ گوێگرتن لە هەر دەنگێکی دیکە بە بەکارهێنانی ئامێری دۆزەرەوەی ئەلیکترۆنی.

لەگەڵ بەردەوامبوونی هەوڵەکانی ڕزگارکردن کرێکارێک هاوار دەکاتە ناو داروپەردووەکەوە: "هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە ئەگەر گوێت لە دەنگی من بوو."

ژمارەی گیانلەدەستدان لە تورکیا 40 هەزار و 642 کەسە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە کاتێکدا وڵاتی دراوسێی سوریا زیاتر لە پێنج هەزار و 800 کەسی گیانیان لەدەستداوە، کە ژمارەکە چەند ڕۆژێکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG