Accessibility links

ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ دانوستاندن لەگەڵ سعودیە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئێران چڕتر دەکاتەوە


میدیای جیهانی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە شەش سەرچاوە کە ناوەکانی ئاشکرا نەکردوە، ڕایدەگەیەنێت کە ئیسرائیل بە سەرکردایەتی بنیامین ناتانیاهۆ هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پێوەندی سەربازی و هەواڵگریی لەگەڵ سعودیە چڕتر کردوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەوڵانە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەردەوام دەبن.

دەینا سترول، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی دووشەممە لە ڕیاز گوتی "ئێمە پێمان وایە یەکگرتنی ناوچەکانی دیکە و دەستکردن بە دانیشتن لەسەر یەک مێز لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرژەوەندی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدایە."

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو میدیا جیهانییەدا ئاماژە بە وردەکارییەکانی چۆنیەتی زیادکردنی هەوڵەکانی حکومەتی نوێی ئیسرائیل بۆ نزیکبوونەوە لە سعودیە نەکراوە.

شرۆڤەکاران دەڵێن ڕەنگە سعودیە مەرجی دیکەی پێشوەختەی هەبێت بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پلەی یەکەم جەختی واشنتن لەسەر هەوەڵەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران.

حکومەتی ئەمەریکا و شەش وڵاتی کەنداو بە هاوبەشی ڕۆژی پێنجشەممە تارانیان بە مەترسییەکی پەرەسەندوو بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناوبرد و جۆو بایدنیش تێکەڵکردنی و بەشداریکردنی نزیکی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا کردە ئەولەویەت بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێکان و دابەزینی نرخی نەوت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە دوایین دانوستانەکانی سعودیە و ئیسرائیل زانیاری نەدا، بەڵام ئاماژەی بەوەکردوە کە "واشنتن پشتگیری لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان هاوبەشە ناوچەییەکان دەکات کە گرنگە بۆ ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە".

هاوکاتی هەوڵەکان بۆ نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و سعودیە، ڕیاز لە هەمان کاتدا بە نێوەندگیری عێراق وتووێژ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکە هاوبەشەکانی.

هەروەها لە هەواڵەکەدا هاتوە کە تا پێشکەوتنی بەرچاو لە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەکاندا نێتە ئاراوە، زەحمەتە کە ڕیاز ڕازی بێت بە دامەزراندنی پەیوەندیی تەواو لەگەڵ تەلئەبیبدا.

لە هەمان کاتدا چەندین ڕاپۆرت باس لەوە دەکەن کە سعودییەکان بە نهێنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا پاراستووە و باس لەوەش دەکرێت کە نەتانیاهۆ لە ساڵی 2020دا بە شێوەی نهێنی سەفەری ئەو وڵاتەی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆببێتەوە.

لە مانگی یەکدا دوای ئەوەی نەتانیاهۆ و جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە قودس کۆبوونەوە، بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای دانیشتنەکە ئاماژەی بەوەدا کە هەردوولا تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتوویان کردووە بۆ قووڵکردنەوەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم و فراوانکردنی بازنەی ئاشتی و جەختیان لەسەر گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ سعودیە کردوەتەوە.

ڕێککەوتنی ئیبراهیم کە لە ساڵی 2020دا بەنێوەندگیری ئەمەریکا ئەنجامدراوە، بوو بە هۆی ئەوەی وڵاتانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین پەیوەندی دیپلۆماسی تەواو لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بکەن.

ناتانیاهۆ چەندین جار خواستی خۆی بۆ ئەوەی سعودیە بچێتە پاڵ ئەم ڕێککەوتنە دەربڕیوە.

چاودێران دەڵێن هەڕچەندە لەگەڵ ئەوەدا کە هەڵوێستی سعودیە لە ساڵانی ڕابردوودا بەرامبەر ئیسرائیل نەرمتر بووە و ڕێگەیان بە گەشتە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل داوە کە ئاسمانی ئەو وڵاتە بەکاربهێنن، بەڵام پێناچێت حکومەتی نوێی توندڕەوی نەتانیاهۆ کەشێکی لەبار بۆ ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دابین بکات.

سەرچاوە/ بلومبێرگ

XS
SM
MD
LG