Accessibility links

هەزاران لە سورییەکانی ناو تورکیا دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکان دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان


 دیمەنی ناوچەیەک لە شاری حەلەب لە سوریا دوای بوومەلەرزەکە
دیمەنی ناوچەیەک لە شاری حەلەب لە سوریا دوای بوومەلەرزەکە

بە کەڵک وەرگرتن لە دەستپێشخەرییەکی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ بەسەربردنی تا شەش مانگ لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا کە لە ژێر دەستی یاخیبوواندایە بەبێ ئەوەی چانسی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا لەدەست بدەن، زۆرێک لە سورییەکان بەپەلە دەگەڕێنەوە بۆ بەسەرکردنەوەی کەسوکارەکانیان کە بەهەمان شێوە لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتدا زیانیان بەرکەوتووە.

بەرپرسان هیچ ئامارێکیان سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانە نەخستەڕوو کە لە دەروازەی باب حەمام دەچنە ژوورەوە بۆ سوریا، بەڵام لە دەروازەیەکی دیکەی باب ئەلحەوا، دەڵێن، لە دوای ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە لە ڕۆژی چوارشەممەوە، چوار هەزار و 600 هاوڵاتی سوری پەڕینەونەتەوە.

تەنانەت پێش بوومەلەرزەکەش، سێ ملیۆن و 600 هەزار پەنابەرە سوورییەکە لە تورکیادا، تووشی ناڕەزایی زیاتر بوون لەلایەن تورکەکانەوە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیاندا خەبات دەکەن و هەندێکجاریش لێشاوی سورییەکان بە هۆکاری قەیرانە ئابوورییەکانیان دەزانن.

لە غازی عەنتاب، شایەتحاڵێک وتی پۆلیس سورییەکانیان لە مزگەوتێکەوە گواستووەتەوە دەرەوە کە لەوێدا پەنایان گرتبوو بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ خێزانە تورکەکان بکەنەوە. چەند تورکێک لە شارۆچکە و شارە بوومەلەرزەلێدراوەکانی تر، سورییەکان بە دزینی دوکان و ماڵە زیانلێکەوتووەکان تۆمەتبار دەکەن.

نزیکەی 4 ملیۆن کەس لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی شەڕڤاناندا دەژین کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات و دژایەتی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سوریا دەکەن. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زۆرینەیان تەنانەت پێش دوایین کارەساتیش پشتیان بە هاوکارییەکان بەستووە.

ئەو بوومەلەرزەیە بە گوڕی 7.8 پلە پێش بەرەبەیانی 12 ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 39 هەزار کەس لە تورکیا و پێنج هەزار و 800 کەسیش لە سوریا گیانیان لەدەستدا، و ملیۆنان کەسی بێ ماڵ و حاڵ کردووە و هەوڵی فریاگوزاری گەورەی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG