Accessibility links

سەرکردەیەکی داعش لە سوریا کوژرا


فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، سەرکردەیەکی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە هەڵمەتێکی هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژرا و چوار سەربازی ئەمریکیش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵمەتێک لە ڕۆژی پێشوودا "سەرکردەیەکی باڵا" بە ناوی حەمزە ئەلحومسی کە سەرپەرشتی تۆڕی گروپەکەی لە ڕۆژهەڵاتی سوریای کردبوو، کردە ئامانج و کوژرا.

کۆلۆنێل جۆ بوچینۆ، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند، چوار کارمەندی ئەمەریکی و سەگێک کە لەگەڵ یەکەکەدا کاردەکات برینداربوون، بەڵام هەموویان لە دۆخێکی جێگیردان.

بوچینۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدراوە، هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتیی چەکدارە کوردەکان و ساڵانێکە هەڵمەتێکی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی لە باکور ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو هەڵمەتەدا هیچ چەکدارێکی هێزەکانی پاراستنی گەل و هاوڵاتییەکی مەدەنی بریندار نەبوون. بوچینۆ وتیشی لە هەڵمەتێکی جیاوازدا هەروەها سەرکردەیەکی شانەی تیرۆرکردنی دەوڵەتی ئیسلامی کوژرا، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.

دەوڵەتی ئیسلامی یا داعش لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا سەرکردەیەکی نوێی باڵای دەستنیشانکرد، دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوەکە لە کاتی هەڵمەتێکدا لە باشووری سوریا خۆی کوشت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG