Accessibility links

چین و ئێران داوای لابردنی سزاکانی سەر ئێران دەکەن


شی جینپینگ سەرۆکی چین و ئیبراهیم ڕەئیسی هاوتا ئێرانییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە خوازیاری هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بوون وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی چەقبەستوو سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

هەروەها شی بانگهێشتی ڕەئیسی بۆ سەردانی ئێران قبوڵ کرد، و کەوا لە کاتی گونجاوی خۆیدا ئەو کارە دەکات، هەر دوو سەرکردە لە دوایین ڕۆژی سەفەری فەرمی سێ ڕۆژەی ڕەئیسی بۆ چین لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند.

شی دوایین جار لە ساڵی 2016 لە چوارچێوەی گەشتێکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئێرانی کردبوو.

سەرکردەکان لە بەیاننامەکەیاندا خوازیاری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی ساڵی 2015 کە بە پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن ناسراوە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئێران لەگەڵ چەند وڵاتێک لەوان ئەمەریکا ڕێککەوتووە بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزا ئابوورییەکان.

لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا ئەمریکای لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و فەرمانی سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمەریکای بەسەر ئێراندا دەرکرد.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2021 ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون، ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە، بەڵام گفتوگۆکان وەستاون.

شی و ڕەئیسی ڕایانگەیاندووە، "پێویستە سەرجەم سزا پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی تەواو هەڵبگیرێن بە شێوەیەکی پشتڕاستکراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت جێبەجێکردنی تەواو و کاریگەرانە بەرەوپێش ببات".

چین و ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە هەڵگرتنی گەمارۆکان و دەستەبەرکردنی قازانجی ئابووری ئێران پێکهاتەی گرنگی ڕێککەوتنەکەن.

سەرکردەکان لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، "چین بە توندی دژایەتی دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە کاروباری ناوخۆی ئێران و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ئێران دەکات".

هەروەها هەردوو سەرکردەکە چەندین دەستپێشخەرییان داڕشت، لەوانە پێشخستنی بازرگانی ئەلیکترۆنی و کشتوکاڵ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG