ڕۆژی هەینی دوو کەسی دیکە بە زیندووی لە داروپەردووی تورکیا ڕاکێشران، دوای 11 ڕۆژ لە بوومەلەرزەیەک کە زیاتر لە 43 هەزار کەسی لە تورکیا و سوریا کوژران، ئەمەش لەکاتێکدایە دەزگاکانی فریاگوزاری هەوڵەکانیان بۆ یارمەتیدانی ملیۆنان کەسی بێ ماڵ و حاڵ زیاد دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند، دوای 260 کاتژمێر لە بوومەلەرزە گەورەکەی 6ی شوبات لە نیوە شەودا، عوسمان حەلەبیەی تەمەن 14 ساڵ، لە شاری عەنتاب لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا ڕزگارکرا و لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت.
هەروەها مستەفا ئاڤچی تەمەن 34 ساڵ دوای 261 کاتژمێر لە بوومەلەرزەکە لە عەنتاب بە زیندووی دۆزرایەوە. لەکاتێکدا لە سەر دەسییە دەبرا، پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ دایک و باوکیدا کرد کە منداڵە تازە لەدایکبووەکەیان بۆ پیشان دا.
عەلی ئەڤچی باوکی دەڵێت "هەموو هیوایەکم بە تەواوی لەدەستدابوو، ئەمە موعجیزەیەکی ڕاستەقینەیە، کوڕەکەمیان پێدامەوە، داروپەردووەکانم بینی و پێموابوو لەوێوە کەس بە زیندووی ڕزگار ناکرێت، ئێمە بۆ خراپترین حاڵەت خۆمان ئامادەکردبوو".
بەڵام ئەم جۆرە ڕزگارکردنانە تادێت دەگمەنتر دەبن دوای کوشندەترین بوومەلەرزە لە مێژووی مۆدێرنی تورکیادا ، کە بوومەلەرزەیەکی 7.8 پلە و دوای یەک کاتژمێر بە هەمان شێوە بەهێز بوو. بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاند، ئێستا ژمارەی مردووان لە تورکیا 38 هەزار و 44 کەسە.
لە سوریای دراوسێ تورکیا کە لە ئێستاوە بەهۆی زیاتر لە دە ساڵ شەڕی ناوخۆوە تێکچووە، دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند زیاتر لە پێنج هەزار و 800 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز