Accessibility links

خۆپیشاندەرە کوردەکان لە ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلاندا لە ناو پەرلەمانی  ئەوروپا ناڕەزایی دەردەبڕن


نزیکەی 12 چالاکوانی کورد ڕۆژی چوارشەممە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە 24 هەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەلایەن تورکیاوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

مشتومڕی دانیشتنەکە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر ڕاگیرا و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا ژوورەکەیان بەجێهێشت لە کاتێکدا خۆپیشاندەران وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکەیان بەرزکردبووەوە و دروشمی دژ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایان دەگوتەوە.

بێرنارد گویتا، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند " ئەوانە چالاکوانانی سەر بە پەکەکە بوون."

ئەو ئەندامە نێوەندگرە فەرەنساییە گوتیشی خۆپیشاندەران بەشی سەرەوەی هۆڵی ستراسبۆرگ بوون، هەندێکیان لەسەر لێواری دیوارەکەی هۆڵی سەرەوە دانیشتبوون و قاچیان بەسەر هۆڵی دانیشتنەکە شۆڕکردبووەوە.

ئەندامێکی تری سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی لە پەرلەمانی ئەوروپا بێرند لانگ گوتی شێوازی خۆ هەڵواسینیان بەرسەر بەربەستەکەدا بە جۆرێک بوو کە هەست بکەی خۆیان فرێ دەدەنە خوارێ.

ئاسایشی پەرلەمان پاشان هەوڵیدا بە قسەکردن لەگەڵیاندا بڵاوەیان پێ بکات و لەو ڕووداوەدا کەس زیانی پێنەگەیشت. دواتر ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دەستپێکردەوە و ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران ڕۆیشتن.

گوتیشی " ئەم پەرلەمانە بە شانازییەوە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و مافی ناڕەزایەتی دەربڕین دەکات، بەڵام هەر خۆپیشاندانێک دەبێت هەمیشە ڕێز لە ڕێساکانمان، سەلامەتی گشتی بگرێت و مشتومڕە دیموکراسییەکانمان تێک نەدات."

ئۆجەلان لە 15 ی مانگی 2 ی ساڵی 1999 لەلایەن تورکیاوە لە کینیا دەستگیرکرا و لە مانگی شەشی هەمان ساڵدا سزای مەرگی بەسەردا درا.

ئەو ئێستا کە تەمەنی 73 ساڵە هێشتا لە زینداندایە و لە ساڵی 2002 دا سزاکەی بۆ کەمکرایەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کە پشتیوانانی بەردەوام داوای ئازادکردنی دەکەن.

هەفتەی ڕابردوو چەکدارەکانی پەکەکە کە هێشتا لە تورکیا شەڕ دەکەن، ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانیان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگەیاند، لەکاتی کارەکانی فریاکەوتن دوای ئەو بوومەلەرزە گەورەیەی کە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و بەشێکی سوریای گرتەوە.

XS
SM
MD
LG