Accessibility links

ڕەنگە شارستانی کۆن لە تورکیا بەهۆی کەشوهەوای وشکەوە ڕووخابێت


زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر چەند شارستانییەتێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست داڕماون یان دەسەڵاتیان کەم بۆتەوە. ئەم ڕووداوە پێی دەوترێت داڕمانی سەردەمی برۆنزی.

یەکێک لە بەهێزترینەکان کە نەماوە، ئیمپراتۆریەتی هیتی بووە کە ئێستا تورکیایە و بەشێک لە سوریا و عێراقیشی گرتۆتەوە.

توێژەران لەم دواییانەدا بیرۆکەی نوێیان سەبارەت بە داڕمانی هیتیەکان خستە ڕوو. پشکنینی درەختە زیندووەکانی ئەو سەردەمە دەردەخات سێ ساڵ بارانبارینی زۆر کەم بووە، یان وشکەساڵییەکی توند لەناوچەکەی داوە. ڕەنگە وشکەساڵی بووبێتە هۆی لەکارکەوتنی بەرهەم و برسێتی و کێشەی سیاسی.

هیتییەکان پایتەختەکەیان هاتوسا بوە لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵی تورکیا. لەو کاتەدا یەکێک بوون لە زلهێزە گەورەکانی جیهانی کۆن. هیتییەکان ڕکابەری سەرەکی ئیمپراتۆریەتی میسری کۆن بوون لە سەردەمی شانشینی نوێیدا.

ستورت مانینگ لە زانکۆی کۆرنێل نووسەری سەرەکی ئەو توێژینەوەیەی لە گۆڤاری Nature دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "لە سەردەمی کۆندا هیتیەکان بۆ ماوەی سەدان ساڵ ناوچەیەکی بەرفراوانیان کۆنترۆڵکردوە هەرچەندە ڕووبەڕووی هەڕەشەی دراوسێکان و سەختی ژیان لە ناوچەیەکی وشکدا بوونەتەوە".

زانایان لە مێژە پرسیاریان کردووە ئایا هۆکاری ڕووخانی هیتیەکان و ڕووخانی شارستانیەتەکانی دیکە لە یۆنان و کریت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی بووە؟ بیرۆکەکان بریتی بوون لە شەڕ و گۆڕانی کەشوهەوا. توێژینەوە نوێیەکە چەند بیرۆکەیەکی نوێ سەبارەت بە هیتیەکان دەخاتە ڕوو.

توێژەران پشکنینیان بۆ درەختە تەمەن درێژەکانی جۆری سنەوبەری باریک کردوە کە لەو سەردەمەدا لەو ناوچەیەدا گەشەیان کردوە و لە کۆتاییدا نزیکەی 2700 ساڵ لەمەوبەر بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی دار بەکارهێنراون. پێکهاتەکە لە باشووری ڕۆژئاوای ئەنقەرەیە، لەوانەیە شوێنی ناشتنی ئەندامێکی خێزانی میداسی بووبێت پاشای فریجیا.

دارەکان بە دوو شێوە تۆمارەکانیان لە کەشوهەوای ئەو کاتە دەرکەوتوە.

یەکەم: ئەڵقەی گەشەکردنی ساڵانە لە دارەکاندا هەیە. بۆ نموونە ئەڵقەی تەسکی دارەکان ئاماژە بە بارودۆخی وشکە ساڵی دەدەن. پاشان ڕێژەی دوو جۆری کاربۆن لەناو ئەڵقەکاندا هەیە. فۆرمەکانی کاربۆن نیشان دەدەن کە چۆن دارەکە مامەڵەی لەگەڵ هەبوونی ئاودا کردووە.

دووهەم: توێژەران گۆڕانکارییەکی خاویان لە بارودۆخدا بەرەو وشکەساڵی لە ماوەی نزیکەی 3200 ساڵ لەمەوبەر دۆزیەوە. لەوەش گرنگتر، هەردوو جۆری بەڵگەکە پێشنیاری سێ ساڵ لەسەریەک وشکەساڵی زۆر توندیان کردووە، لە ساڵانی 1196، 1197 و 1198 پێش زایین. ئەم ساڵانە هەمان کاتی ناسراوی داڕمانی ئیمپراتۆریەتەکەن.

بریتا لۆرێنتزن، هاونووسەری توێژینەوەکە لە زانکۆی جۆرجیا دەڵێت "پێدەچێت نزیکەی تەواو لەکارکەوتنی بەرهەم بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەریەک هەبووە. خەڵکەکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆگای خۆراکیان هەبوو کە یەک ساڵ لە وشکەساڵیدا تێپەڕێنن. بەڵام کاتێک سێ ساڵ درێژەی کیشاوە، ساڵانی دوای ئەوە یەک لە دوای یەک، هیچ خۆراکێکیان نەبوو بۆ بەردەوامبوونیان".

لۆرێنتسن زیاتر ووتی "ئەمە ڕەنگە بووبێتە هۆی داڕمانی بنەمای باج وەرگرتن و پێدەچێت بزووتنەوەیەکی جەماوەری خەڵک ڕوویدابێت کە بەدوای مانەوەدا دەگەڕێن".

ئەو ڕوونیکردەوە کە هیتییەکان بەندەرێک یان ڕێگەیەکی ئاسانی دیکەیان نەبووە بۆ گواستنەوەی خۆراک بۆ ناوچەکە.

هاتوسا، شارێک کە بە دیوارێکی گەورە و بەردین پارێزراو بووە، سووتێنراوە و جێهێڵراوە. ئەو دەقانەی کە لەسەر پلێتەکانی گڵ نووسراون بە بەکارهێنانی نووسینی میخیی باو لە ناوچەکەدا، باسیان لەوە نەکردووە کە چی ڕوویداوە.

کۆتایییەکی لەناکاو بوو. کەمتر لە سەد ساڵ پێشتر هیتیەکان لە سەردەمی پاشا موواتاڵی دووەم و میسرییەکان لە سەردەمی فیرعەون ڕامسیسی دووەم شەڕی بەناوبانگی کادێشیان کردوە لە ساڵی 1274 پێش زایین. دوای ئەوە گروپەکان گەیشتوونەتە یەکەم پەیمانی ئاشتی تۆمارکراوی مێژوو.

جێد سپارکس، هاونووسەری توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆرنێل دەڵێت"پێموایە ئەم توێژینەوەیە بەڕاستی ئەو وانانە دەردەخات کە دەتوانین لە مێژووەوە فێربین، ئەو گۆڕانکاریانەی کەشوهەوا کە ئەگەری هەیە لە سەدەی داهاتوودا بۆ ئێمە ڕووبدات، زۆر توندتر دەبن لەوەی هیتییەکان ئەزموونیان کردوە".

سپارکس دەشڵێت، ئەم وانانە پرسیار لەسەر سەردەمی ئیستای خۆمان دروست دەکەن، خۆڕاگریمان چییە؟ تا چەند بەرگەی دەگرین"

گەردوونناسان بە ئەڵقەی دەوری جیهانی کواواری دووری سارد سەرسام بوون

جیهانی بچووکی دوور بە ناوی کواوار کە ناوی خوداوەندێکی دروستکردنە لە ئەفسانەی هەندیە سورپیستەکانی ئەمریکیدا، بۆ گەردوونناسان جێگای سەرسووڕمانە، چونکە لە دەرەوەی پلۆتۆ لە ناوچە ساردەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری زەویدا دەسوڕێتەوە.

توێژەران ڕایانگەیاند ئەڵقەیەکیان دۆزیوەتەوە دەوری کواوار دەدات هاوشێوەی ئەو ئەڵقەیەی لە دەوروبەری هەسارەی کەیواندایە. بەڵام ئەوەی لە دەوروبەری کواوار هەیە، ئەو تێگەیشتنەی ئێستا تێدەپەڕێنێت کە لە کوێدا ئەم جۆرە ئەڵقانە دەتوانن دروست ببن - کە زۆر دوورتر لێیەوە هەڵکەوتوون لەوەی کە تێگەیشتنە زانستییەکانی ئێستا ڕێگەی پێدەدەن.

دووری ئەڵقەکە لە کواوارەوە دەیخاتە شوێنێکەوە کە زاناکان پێیان وایە پێویستە تەنۆلکەکان بە ئاسانی لە دەوری تەنێکی ئاسمانی کۆببنەوە بۆ ئەوەی مانگێک پێکبهێنن نەک وەک پێکهاتەی جیاواز لە دیسکێکی مادەی ئەڵقەدا بمێننەوە.

برۆنۆ مۆرگادۆ زانای گەردوونناسی لە چاودێری ڤالۆنگۆ و زانکۆی فیدراڵی ڕیۆ دی جانیرۆ لە بەڕازیل، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەی لە گۆڤاری سروشتدا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "ئەمە دۆزینەوەی ئەڵقەیەکە دەکەوێتە شوێنێکەوە نابێت بەوشێوەیە بێت.

لە ساڵی 2002دا دۆزرایەوە، کواوار لە ئێستادا وەک هەسارەیەکی بچووک پێناسە دەکرێت و وەک هەسارەیەکی کورتبنە پێشنیار کراوە.

بە فەرمی ئەو پێگەیەی لەلایەن یەکێتی گەردوونناسانی نێونەتەوەییەوە پێدراوە، ئەو دەزگا زانستییەی کە ئەو جۆرە کارانە دەکات.

تیرەکەی نزیکەی (1110 کم) نزیکەی یەک لەسەر سێی تیرەی مانگی زەوی و نیوەی هەسارەی کورتەبنەی پلۆتۆیە. مانگێکی بچووکی هەیە بە ناوی Weywot (وەیوات) لە ئەفسانەدا، واتە کوڕی کواوار، تیرەکەی (170 کم) لە دەرەوەی ئەڵقەکە دەسوڕێتەوە.

لە ناوچەیەکی دووردا جێگیربوە پێی دەوترێت پشتێنەی کویپەر کە تەنی سەهۆڵاوی جۆراوجۆری تێدایە، کواوار نزیکەی 43 هێندە زیاتر لە دووری زەوی لە خۆرەوە دەسوڕێتەوە. بە بەراورد لەگەڵ هەسارەی نەپتون کە دەرەکیترین هەسارەیە، نزیکەی 30 هێندە زیاتر لە هەسارەی زەوی دەسوڕێتەوە.

دووری لە خۆرەوە، و پلۆتۆ نزیکەی 39 هێندە زیاتر. ئەڵقەی کواوار بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپی چۆپس کە بە دەوری دەزگای واڵایی ئەوروپادا دەسوڕێتەوە بینراوە، کە ئامانجی سەرەکی لێکۆڵینەوەی لە هەسارەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرە، هەروەها تەلەسکۆپەکانی سەر زەوی.

ئەڵقەکە لە گەردیلەی داپۆشراو بە سەهۆڵ دروستبوە، نزیکەی (4100 کم) لە ناوەندی کواوارەوە دوورە و تیرەکەی نزیکەی (8200 کم) دەبێت.

گەردوونناس و هاوکاری نووسەری توێژینەوەکە، ئیزابێلا پاگانۆ، بەڕێوەبەری توێژینەوەی ئیتاڵی لە دامەزراوەی چاودێریی فیزیای گەردوون INAF لە کاتانیا لەسەر دروستبوونی ئەڵقەکە ووتی"سیستەمی ئەڵقەکە ڕەنگە بەهۆی پاشماوەی هەمان پرۆسەی دروستبوون بێت کە سەرچاوەی تەنی ناوەندی بووە یان لەوانەیە بەهۆی ئەو پێکهاتەیە بێت کە لە ئەنجامی پێکدادانێک لەگەڵ تەنێکی دیکەدا دروست دەبێت و لەلایەن جەستەی ناوەندییەوە گیراوە. ئێمە لە ئێستادا ئاماژەمان نییە لەسەر چۆنیەتی کاری کواوار ".

بە پێچەوانەی هەر ئەڵقەیەکی دیکەی ناسراو لە دەوری تەنێکی ئاسمانی، ئەڵقەی کواوار لە دەرەوەی ئەو سنوورەدایە کە پێی دەوترێت سنووری ڕۆش.

ئەوەش ئاماژەیە بۆ دووری لە هەر تەنێکی ئاسمانی کە خاوەنی کێڵگەیەکی کێشکردنی بەرچاوە کە لێی نزیکدەبێتەوە ئەو لەیەک جیادەبێتەوە. وا چاوەڕوان دەکرا ماددەکە لە خولگەی دەرەوەی سنووری ڕۆش کۆببنەوە بۆ مانگێک.

کەیوان خاوەنی گەورەترین سیستەمی ئەڵقەیە لە کۆمەڵەی خۆری زەویدا. هەسارە گەورەکانی تری گازی وەک ناهی، ئۆرانۆس و نەپتون - هەموویان ئەڵقەیان هەیە، هەرچەندە کەمتر سەرنجڕاکێشن، هەروەها تەنەکانی دیکەی هەسارەنین چاریکلۆ و هاومیا. هەموویان لە ناو سنووری ڕۆشدان.

بەڵام چۆن کواوار دەتوانێت ئەم یاسایە لابدات؟ پاگانۆ دەڵێت "ئێمە هەندێک ڕوونکردنەوەی ئەگەریمان لەبەرچاو گرت، ئەڵقەیەک کە لە پاشماوەی تێکشکان دروستبوە، کە لە ئەنجامی کاریگەرییەکی تێکدەرانەی گوماناوییەوە بۆ سەر مانگێکی کواوار دروستبوە، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەری چاودێریکردنی ئەوە زۆر کەمە".

"ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە تیۆرییەکانی کۆبوونەوەی تەنۆلکە سەهۆڵینییەکان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە و ڕەنگە هەمیشە تەنۆلکەکان بەو خێراییەی کە مرۆڤ چاوەڕێی دەکات کۆنەبنەوە بۆ تەنێکی گەورەتر".

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:41 0:00

XS
SM
MD
LG