Accessibility links

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت چالاکییە سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیادیکردوە


خۆپیشاندانی ئێرانییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا
خۆپیشاندانی ئێرانییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا

ڕۆژنامەی وێڵت ئەم سۆنتاگی ئەڵمانی ڕۆژی شەممە 11ی ئەم مانگە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە حکومەتی بەرلین ئاگاداری زیادبوونی سیخوڕیی هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییە بەسەر ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەڵمانیاوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامەیە، حکوومەتی ئەڵمانیا لەسەر داواکاری پارتی چەپی ئەو وڵاتە بۆ سەرنجدان و زانیاری کۆکردنەوە لەسەر چالاکییە هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاڵمانیا، تێگەیشتوە کە سیخوڕیکردن بەسەر کەسانی دەژبەری حکومەتی ئێرانەوە زیادیکردوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا 160 کەسی دەستنیشان کردوە کە پێوەندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە و هێشتا ڕوون نییە کە کەسەکان تەنها ئێرانین یان هاوڵاتی شوێنی دیکەشن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز چالاکییە سیخوڕییە بەرفراوانەکانی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە دژی ئامانجەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل و جووەکانی ئەڵمانیا بووە.

ڕێکخراوەکانی جووەکانی ئەڵمانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە هەست بە هەڕەشە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکەن.

مانگی ڕابردوو حکومەتی ئەڵمانیا لە سەر داواکاری ئەندامێکی پارتی چەپی ئەو وڵاتە لە پەرلەمان ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2017ەوە تا ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ 24 گومانلێکراوی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی ئێرانەوە کراوە.

حکومەتی ئەڵمانیا هەروەها ڕاگەیاندبوو کە هیچ کام لە دیپلۆماتکارە ئێرانییەکان لە باڵوێزخانەکان و کونسوڵخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناو تۆمەتبارەکاندا نەبوون.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG