Accessibility links

ڕەوشێکی ترسناک ڕووبەڕووی سوریا دەبێتەوە لەکاتێکدا ڕەنگە زیا لە پێنج ملیۆن کەس بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە


گروپی خۆبەخشی فریاگوزاری کڵاو سپییەکان ڕەخنەیان لە وەڵامدانەوەی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گرتووە بۆ بوومەلەرزەکەی سوریا کە زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەهۆی کارەساتەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

کارمەندانی فریاگوزاری ڕایانگەیاندووە، سوریا ڕووبەڕووی "سیناریۆیەکی ترسناک" بووەتەوە، چونکە ڕەنگە نزیکەی پێنج ملیۆن و نیو کەس بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ڕۆژی دووشەممە.

بەو پێیەی ئەو وڵاتە جەنگاوییە لە ئێستاوە مامەڵە لەگەڵ کاریگەرییەکانی زیاتر لە 10 ساڵ لە ململانێکان دەکات، کارمەندانی فریاگوزاری دەڵێن، ئەگەری زۆرە ئۆپەراسیۆنەکانی بوژانەوە لە سوریا ماوەیەکی زۆر زیاتر لە تورکیا بخایەنێت.

دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە بوومەلەرزەکە بە گوڕی 7.8 پلە ڕوویدا و چەندین پاشەکەوتی هەبوو، پتر لە 26 هەزار کەس لە تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستدا.

جێرمی سمیس بەڕێوەبەری خاچی سووری بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ، وتی: "لە سوریا، ئەمە هەرە خراپترین سیناریۆیە بۆ ئێمە. ئەمە ڕەوشێکی ترسناکە".

بەڕێز سمیس وتی بەهۆی کەمبوونەوەی ژێرخانی پزیشکی و ئاو و پاکوخاوێنی وڵاتەکە، لە ئێستاوە وەڵامدانەوەکە "ماوەیەکی درێژتر دەخایەنێت" بەهۆی ئەو ئاڵنگارییانەی کە جەنگ هێناویەتە ئاراوە ".

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی هۆشداریی دا کە ڕەنگە نزیکەی پێنج ملیۆن و نیو کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG