Accessibility links

لێکۆڵەرێکی ئێرانی-فەرەنسی لە زیندانی ئێڤین ئازاد دەکرێت


پارێزەرەی فەریبا عادلخاە، ئەکادیمیستی ئێرانی-فەرەنسی ئەمڕۆ شەممە ئازادبوونی عادڵخای ڕاگەیاند و گوتی بەڵام هێشتا ڕوون نییە ناوبراو کەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیاندنێکدا داوای گەڕانەوەی هەموو ئازادییەکانی عادلخاە دەکات، لەوانەش مافی گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا ئەگەر بێتو ناوبرا بیەوێت بگەڕێتەوە.

حۆجەت کرمانی، پارێزەرەکەی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە کە "شەوی ڕابردوو فەریبا عادلخاە ئازاد کرا و ئێستا لە ماڵی خۆیدایە."

ئازادکردنی عادلخاە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە باڵوێزی نوێی ئەو وڵاتە لە تاران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەررۆک کۆماری ئێران داوای ئازادکردنی بەپەلەی حەوت هاووڵاتی فەرەنسای کردوە کە لە ئێران زیندانی کراون.

عادلخا لە ساڵی ٢٠١٩ لە کاتی سەردانێکدا بۆ ئێران لە ماڵی تایبەتی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێت و بە تۆمەتی سیخوڕی سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

ناوبراو یەکێکە لەو حەوت هاووڵاتییەی فەرەنسا کە لە ئێران دەستبەسەر کراون و ئەمەش هۆکارێکە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی پاریس و تارانی بەرەو خراپتربوون بردووە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەورووپایی و ئەمەریکایی پێشتر دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی بیانیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە "بارمتە" گرتن ناوبردوە وەک هەوڵێکی ئەو دەسەڵاتە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسی یان دارایی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG