Accessibility links

زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە ئێران ئازاد دەکرێت


وێنەی زارا محەمەدی، نیگارکێش: لوقمان ئەحمەد، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا
وێنەی زارا محەمەدی، نیگارکێش: لوقمان ئەحمەد، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا

زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی کۆمەڵەی فەرهەنگی نوژین، بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەخت لە زیندان ئازاد دەکرێت.

زارا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هەواڵی ئازادبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت "بە بێ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختی خۆم و بنەماڵەکەم و هاوڕێیانم و پارێزەرەکەم، ئەمڕۆ رۆژی هەینی لە زیندان بە شێوەیەکی لەناکاو ئازاد کرام."

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینی بە هەر جۆرە لێبوردنێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەشڵێت "ئازادیم لە کاتێکدایە کە نە لە لایەن خۆمەوە و نە لە لایەن پارێزەرەکەمەوە هیچ داوایەکی لێخوشبوونم پێشکەش نەکرددوە، چوونکە باوەڕم بەو ڕێگایە هەیە کە هەڵمبژاردوە."


ئەو مامۆستای زمانی کوردییە دوای تێپەڕاندنی 20 مانگ لە سزای 5 ساڵ زیندانییەکەی، لەناکاو و بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەخت لە زیندان ئازاد دەکرێت.

موحەمەدی کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی نۆژین بووە لە سنە، مانگی 1ی ساڵی 2022 سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

کۆمەڵەی نۆژین دامەزراوەیەکی مەدەنییە کە بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ دامەزراوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شاری جیاوازەکانی کوردستانی ئێران خوڵی فێرکردنی زمانی کوردیان بەڕێوەبردوە.

هەفتەیەک پێش ئێستا دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند کە بە فەرمانێکی لێبوردنی ڕێبەری باڵای ئێران، بڕیارە دەیان هەزار لە دەستبەسەربووانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران ئازاد بکرێن.

ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە دەزگای دادوەری ئێران بە بڵاوکردنەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر مەرجەکانی ئازادی دەستبەسەربوان لە زاری سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێرانەوە ڕایگەیاند کە "دۆسیەی تۆمەتباران و تاوانبارانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە ئەگەر مەرجەکانی ئێمەی تێیدا بێت، دۆسیەکەیان لە هەر قۆناغێکدا بێت، دادەخرێت و ئازاد دەکرێن."

ئەو ئاژانسە هەواڵییە لە هەمان کاتدا ڕایگەیاندوە کە ئەو خۆپیشاندەرانەی ڕووبەڕووی تۆمەتەکانی وەک "سیخوڕیکردن لە بەرژەوەندی بیانییەکان، پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی دەزگای هەواڵگری بیانی، کوشتن و بریندارکردنی بە ئەنقەست ، لەناوبردن و سووتاندنی دامەزراوە سەربازی و گشتیەکان یان داواکاری تایبەتی لەسەر تۆمار کراوە، ناکەونە بەر لێبوردنی ڕێبەری ئێران.

XS
SM
MD
LG