هەڵمەتەکانی ڕزگارکردنی قوربانیانی بومەلەرزە خاو دەبێتەوە لەوم دەمەی هیوا نەماوە بۆ دۆزینەوەی خەڵکی زیاتر بە زیندووی لە ژێر داروپەردوو لە تورکیا و سوریادا.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ڕزگارکەرانی تورکیا خەڵکی زیاتریان لە داروپەردووەکان ڕاکێشا، ئەوەش دوای پێنج ڕۆژ لە وێرانکەرترین بوومەلەرزەی وڵاتەکە، بەڵام هیواکان لە تورکیا و سوریا خەرێکە نامێنن کە چەندین کەسی دیکە بە زیندوویی بدۆزنەو.
لە شاری کەهرامانماراس کە نزیکە لە ناوەندی بوومەلەرزەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، لە نێو ئەو کۆمەڵە کۆنکرێتییە شکاوانەی خانووە کەوتووەکان و بلۆکەکان ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن سیستی پێوە دیاربوو ، لە کاتێکدا بارهەڵگرەکانی لە شەقامەکاندا دەنگیان دەهات کە پاشماوەیان دەناردە دەرەوە.
فوئات ئۆکتای جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە تورکیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 67 کەسیان لە داروپەردووەکانەوە دەرهێناوەتەوە، لە هەوڵەکانیشدا 31 هەزار کارمەندی فریاگوزاری لە سەرانسەری ناوچە زیانلێکەوتووەکەدا بەشدارن.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 80 هەزار کەس لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێن، هاوکات ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بێ ماڵ و حاڵ بوون، لە پەناگەی کاتی ماونەتەوە.
ئێستا هەوڵەکانی ڕزگارکردن سەرکەوتنی کەمتر بەدەست دەهێنن. لە شاری عەنتاب، کارمەندانی فریاگوزاری دوای 128 کاتژمێر ئاردا جان ئۆڤونی تەمەن 13 ساڵانیان لە وێرانەکانی بینایەک دەرهێنا.
تیمەکانی فریاگوزاری تورکیا هەروەها توانیان ژنێکی تەمەن 74 ساڵ و هاوسەرەکەی بە زیندووی لە ژێر داروپەردوو دەربهێنن، ئەمەش لە شەشەمین ڕۆژی دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکە لە عەنتابی پارێزگای هاتای.
پێشتر توانیان دایکێک و کچەکەی بە زیندووی لە ژێر داروپەردووی بینایەک دەربهێنن، دوای 117 کاتژمێر لە بوومەلەرزەکە لە ویلایەتی ئادی یەمان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات. دوای دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی لەلایەن پزیشکێکی ئەمریکییەوە، دایکەکە و منداڵەکەی بە ئامبولانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، ئافاد