Accessibility links

ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر کۆمپانیاکانی پێوەندیدار بە پیشەسازی نەوت و پترۆکیمیایی ئێراندا دەسەپێنێت


ڕۆژی پێنجشەممەی وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای بەسەر نۆ کۆمپانیادا سەپاند کە لە بواری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی بەرهەمە پترۆکیمیایی و نەوتییەکانی ئێراندا بۆ کڕیارە ئاسیاییەکان چالاکن.

بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لە ماڵپەڕی فەرمی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، ئەو کۆمپانیایانە سزایان بەسەردا سەپێندراوە چوونکە سزاکانی ئەمەریکایان بۆ سەر کۆمپانیاکانی پترۆکیمیایی مارون و کۆمپانیای ترێلیانس پێشێلکردوە و هاوکاریان کردوون. ئەو دوو کۆمپانیایە پێشتر لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

بە پێی هەواڵەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، شەش بەرهەمهێنەری پترۆکیمیایی کە بنکەکانیان لە ئێرانە و سێ کۆمپانیای نوێنەری کۆمپانیای تریلیانسیش لە مالیزیا و سەنگافور، ئەو کۆمپانیانەن کە بە هۆی فرۆشتن و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتی و پترۆکیمیایییەکانی ئێران سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

برایان نێڵسن، جیگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لەو بارەیەوە گوتی "ئێران بەپێچەوانەی سزاکانی ئەمەریکا، زیاتر ڕوو لە کڕیارانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات بۆ فرۆشتنی بەرهەمە پترۆکیمیایی و نەوتیەکانی.

ناوبراو گوتیشی ئەمەریکا هەروا سەرنجی لەسەر بەئامانجگرتنی داهاتە نایاساییەکانی تارانە و بەردەوامیش دەبێت لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی کە بە هۆشیارییەوە ئاسانکاری بۆ ئەو بازرگانیانە دەکەن.

سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ داواکاری 60 ئەندامی کۆنگرێس لە بایدن و بەڕێوبەرایەتییەکەی بۆ بەرنگاربوونەوەی تووند دژی ئێران.

60 یاسادانەری کۆنگرەی ئەمەریکا لە نامەیەکدا بۆ جۆو بایدن و سێ ئەندامی کابینەکەی داوایان کردوە کە زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆماری ئیسلامی ببڕن، لەوانەش دابینکردنی پارچەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێت.

ئەو یاسادانەرانەی کۆنگرەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە ٧٥%ی پێکهاتەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەکەی ئێران کە لە ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن لە ئەمریکا دروست دەکرێن، داوایان لە بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن کردووە کە ڕێبازێکی هاوئاهەنگ و هەمەلایەنە بگرێتەبەر بۆ بڕینی زنجیرەی دابینکردن بۆ پێداویستییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕاگرتنی ڕەوتی بەرهەمهێنانی پارچەکان لە ئەمەریکا بۆ دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران.

ئەندامانی کۆنگرێس داوای هەنگاوی خێرای حکوومەتیان کردووە نەک تەنها بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ڕووسیا کە لە پەرەسەندندایە، بەڵکو داوای هەنگاوی کرداریان کردوە بۆ کەمکردنەوەی توانای ئێران لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها هەڕەشەکردنی لە سوپای ئەمەریکا.

جگە لە جۆو بایدن، نامەکە ئاڕاستەی سێ وەزیری کابینەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، واتە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە، جانێت یێلن، وەزیری خزینەی ئەمەریکا و جینا ڕایمۆندۆ وەزیری بازرگانیش کراوە.

بەکارهێنانی بەرفراوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە لایەن ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لەدژی ئامانجە مەدەنییەکان و بەتایبەت ژێرخانی وزە و ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ڕەخنەی جیهانیی بەرفراوانی لێکەوتوەتەوە.

سەرچاوە/ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG