Accessibility links

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: " بەپەلە فەرمانم کردووە " وۆرک شۆپ بکرێت لەسەر سەلامەتی بیناکانی هەرێم لە بوومەلەرزە


دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن - حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن - حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا ئامادەکاری دەکات بۆ پێداچوونەوە و بەرزکردنەوەی کۆدی سەلامەتی بومەلەرزە لە پرۆژەکاندا، ئەمە بەگوێرەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرکات کارەساتێک ڕووبدات پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بەخۆداچووونەوە بکەن و ڕێنماییەکان نوێ بکەنەوە. بۆ ئەوەش لەم چوارچێوەیە فەرمانم کردووە کە هەفتەی داهاتوو وۆرک شۆپێک ئامادە دەکەین وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ ئەوەی زانیارییەکان ئەپدەیت بکەینەوە و کۆدی سەلامەتی زیاتر بەرزبکەینەوە بۆئەوەی لەمەودوا پرۆژەکان لەسەروو پلەی 7 ی ڕێختەرەوە بن هەتا باڵەخانەکانمان پارێزراوبن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان ڕەچاو بکرێت."

سەبارەت بە مەترسییەکان لەسەر یەکەکانی نیشتەجێبوون، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند، "وەکو بۆچوونی کەسی خۆم زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانەی کە کراون و دیزاینەکەیان لەسەر بنەمای پلەی 6.5 -7 پلەی ڕێختەر بووە. ئەگەر لەکاتی جێبەجێکردندا ئەمە بە باشی پەیڕەو کرابێت من مەترسیەکی وەها نابینم لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی کە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانە بەرزەکاندا نیشتەجێ بوون."

دانا عەبدولکەریم دەشڵێت: بە شێوەیەکی گشتی بیناکان لەعێراقدا مواسەفاتیان بەرزه و‌ پشتیان بەستووە بە مواسەفاتی بەریتانی و ئەمەریکی. هەتا ڕادەیەک بیناکان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو کارەساتێکی وا نەبووە ئەگەر بوومەلەرزەش بوو بێت زیانی گەورەی لێنەکەوتۆتەوە. هیوادارین هەرگیز تووشی ئەوە نەبین و ئەوە ڕوو نەدات.

بەڵام وەزیرەکەی هەرێم دەڵێت کە ئامادە نییە دڵنیایی بدات "چونکە کۆنتڕۆڵێکی ناوەندی نەبووە لەسەرئەوەی چۆن ئەم بینایانە دروست بکرێن." ئەو دەڵێت کە لە هەولێر و‌ دهۆک و سلێمانی پێکهاتەی بیناکان "لەئاستێکی باشدا" دروستکراوە و مەبەستیەتی هۆشیاری زیاتر لە سەر‌دیزاینکردنی پرۆژەکاندا بڵاوبکرێتەوە.

پێداچوونەوەی "بە پەلە"

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە (6ی دووی 2023) لە تورکیا و سوریا بومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 12 هەزار کەس تا ئەم ساتە، و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی ، جگە لە ڕووخانی و کاولبوونی دەیان شوێنی نیشتەجێبوون.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت "بەدڵنیاییەوە " لە هەرێمی کوردستان لەکاتی دیزاینکردنی پرۆژەکاندا ،بەتایبەتی باڵەخانەکان و پردەکان، هۆکارەکانی سەلامەتی بوومەلەرزە‌ ڕەچاو کراوە. ئەو دەلێت پرۆژەکان ئەوەیان تێدا ڕەچاوکراوە کە بەرگەی بوومەلەرزە بگرن کە هێزەکەی لە نێوان‌ 6.5 -7 پلەی ڕێختەر بێت.

بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە بە گوڕی 7.8 پلە بووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بینا و باڵەخانەکانی هەرێم لە کاتی ڕوودانی زەوی لەرزەیەکی وەها بەهێزدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە کاریگەریە هەژێنەرەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سورییا ئەوە دەگەیەنن کە هەرێمی کوردستان دەبێت "بە پەلە" پێداچونەوە بۆ پلەی سەلامەتی لە پڕۆژەکاندا بکات.

دانا عەبدولکەریم وتی، "بەدڵنیاییەوە هەر لەبەرئەوەشە بەپەلە فەرمانم کردووە ئەو ۆرک شۆپە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی بەپێی تازەترین زانیارییەکان ئەگەر خوانەخواستە کارەساتێک ڕوویدا چۆن بتوانین خۆمان بپارێزین و پێکهاتەی پرۆژەکانمان لە ئاستێکدابن کە بەرگەی ئەو زەمین لەرزە قورسانە بگرن."

سەلامەتی پرد و تونێلەکان

دەربارەی پلەی سەلامەتی بومەلەرزە لە پردەکان و تونێلەکانی هەرێم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم ڕایگەیاند کە لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان هیچ بوومەلەرزەیەک کە بەرزتر بێت لە 6.5 پلەی ڕێختەر هەتا ئەم ساتە تۆمارنەکراوه،‌ هەموو ئەو پرۆژانەی کە کراون لەڕووی سەلامەتیەوە هەتا پلەی 6.5 – 7 پلەی ڕێختەر ڕەچاوکراوە لە دیزاینکردنیاندا.

وتیشی، "ئەگەر زانیمان پێویست دەکات، فاکتەرەکانی سەلامەتی بەرز دەکەینەوە لە دروستکردنی پرۆژەکاندا لەوانەش هەم پرد و تونێلەکان هەم باڵەخانەکانیش دەگرێتەوه."

لە هەندێک شارەکانی هەرێمی کوردستان بومەلەرزەکە هەست بە بومەلەرزەکەی دووشەممە کراوە و بەرپرسانی دەڵێن پلەی لەرزینەکە کەمتر بووە لە 4.5 پلە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕووداوەکە ترسی بەناو خەڵکدا بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە لە چەند شوێنێک دانیشتوانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هاتنە سەر شەقامەکان و بەشێکی شەوەکەیان و تەنانەت شەوی دواتریشییان لەسەر شەقامەکان بەڕێکرد.

XS
SM
MD
LG