Accessibility links

ئایا باڵندە و ئاژەڵەکان لە تورکیا و سوریا هەستیان بە بوومەلەرزەکە کرد؟


دوای ڕوودانی بوومەلەرزە کوشندەکەی تورکیا و سوریا کە دەیان هەزار کوژراو و برینداری لیکەوتەوە، بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە گوایە دەریدەخات باڵندە و ئاژەڵەکان پێش ڕووداوەکە هەستیان پێکردووە و شڵەژاون.

ڤیدیۆکان دیمەنی چەند باڵندەیەک دەگوازنەوە کە بە شڵەژاوی دەفڕن یاخود چەند سەگێك بێ هۆ دەوەڕن. دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت سەربەخۆ دروستی ئەو دیمەنانە بسەلمێنێت بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەکان کاردانەوەی فراوانیان بەخۆوە بینیوە و بەشێکی زۆر لە خەڵکی وەک بەڵگەی ئەو بۆچونەی دەبینن کە دەڵێت ئاژەڵان هەستەوەریان لەم ڕووەوە بەهێزترە و ڕەنگە بتوانن پێش ڕووداوی کارەساتی سروشتی ئاگادارببنەوە.


لە کاتێکدا کە ئەو بابەتە لە لای زانایان یەکلایی نەکراوەتەوە، هەندێک لە لێکۆڵینەوە زانستیەکان پشتگیری ئەوە دەکەن کە شیانی هەیە ئاژەڵەکان بەر لە مرۆڤ هەست بە بوومەلەرزە بکەن.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕووپێوی جیۆلۆجی حکومەتی ئەمەریکا، کۆنترین تۆماری هەڵسوکەوتی ئاژەڵان لە کاتی بوومەلەرزە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 373ی پێش زاینی لە یۆنان. بە گوێرەی ئەم تۆمارە مێژووییە، هەندێک ئاژەڵی وەکو جرج و مار و هەزارپێ (سەد پێ) چەند ڕۆژێک بەر لە ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی کوشندە شوێنەکەیان بەجێ هێشتووە.

ئاژانسەکە دەڵێت لە چەندین شوێنی تر ئەو دیاردەیە تۆمارکراوە لە نێوان ماسی و باڵندە و خشۆک و مێروولەکان بەڵام تا ئێستا بە تەواوی نەسەلمێندراوە.

ئاژانسی ڕووپێوی جیۆلۆجی حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت بوومەلەرزە دوو جۆر شەپۆلی لەرینەوە دروستدەکات کە دەکرێت ئاژەلەکان هەست بە یەکێکیان بکەن.
لە کاتی بوومەلەرزە سەرەتا شەپۆلی سەرەکی (شەپۆلی P) دەردەچن کە بە خێرایی چەند کیلۆمەترێک لە چرکەیەکدا لە ناوەندی بوومەلەرزەکەوە سەرهەڵدەدەن و بە پێی ئاژانسی ڕووپێوی جیۆلۆجی حکومەتی ئەمەریکا ئاژەڵان هەستیان پێدەکەن. دوای شەپۆلە سەرەکیەکان (شەپۆلی P)، شەپۆلی بەهێزتر دەستپێدەکەن کە زەوی دەلەرزێنن.

ئاژانسەکە دەڵێت، " مرۆڤێکی زۆر کەم هەست بە شەپۆلی بچووکتری P دەکەن کە بە زۆرترین خێرایی لە سەرچاوەی بوومەلەرزەکەوە دەڕوات و پێش شەپۆلی Sی گەورەتر دەگات...بەڵام زۆرێک لەو ئاژەڵانەی کە هەستەکانیان تیژترە، چەند چرکەیەک پێش ئەوەی شەپۆلی S بگات، دەتوانن هەست بە شەپۆلی P بکەن."

مایکڵ بڵانپاید کە ڕێکخەری هاوبەشی پرۆگرامی مەترسییەکانی بوومەلەرزە یە لە ئاژانسی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا دەڵێت شیانی هەیە ئاژەڵان ماوەیەکی کورت بەر لە ڕوودانی بوومەلەرزە هەست بە شەپۆلەکانی بکەن بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە ئەوان دەتوانن پێشبینی ڕووداوەکە بکەن.

مایکڵ بڵانپاید دەڵێت ئەوەی کە ئاژەڵان دەتوانن بەر لە شەپۆلی گەورەی بوومەلەرزە شەپۆلە سەرەتاییەکان هەست پێبکەن یارمەتیدەرنابێت لە پێشبینی کردنی ڕووداوەکە چونکە دیاریکردنی بوومەلەرزە سەرەتاییەکە توانای ئەوە بە زانایان نادات کە پێشبینی ئەوە بکەن بوومەلەرزی داهاتوو کەی ڕوودەدات وە یان ناوەندی بومەلەرزەکە کوێیە.

دەڵێت بەدواداچوون بۆ بوومەلەرزەکان کارێکی ئاسان نییە بەوپێیەی کە ساڵانە ملیۆنان بوومەلەرزە لە زەوی ڕوودەدەن و زۆربەیان هەستیان پێناکرێت.

XS
SM
MD
LG