Accessibility links

کاریگەری بوومەلەرزەکەی تورکیا لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتە چی دەبێت؟


کاریگەری فراوانی بوومەلەرزە کوشندەکەی تورکیا و سوریا تا ئێستا قورسە مەزەندە بکرێت، بەڵام بەشێک لە شارەزایانی سیاسەتی تورکیا پێشبینی دەکەن تاقیکردنەوەیەکی قورسبێت بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی و چارەنووسی ئاڕاستەی سیاسی لەو وڵاتە، کە کورد بەشێکی گرنگییەتی.

ئامبەرین زەمان کە ڕۆژنامەوانێکی ناسراوی تورکە لە واشنتن، پێیوایە یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە سروشتییە بەریتیە لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنە گشتیەکانی ئەو وڵاتە کە بڕیاربوو لە 14ی مانگی پێنج ئەنجام بدرێت.

ئامبەرین زەمان دەڵێت، "ئەمە لەسەر دوو هۆکار وەستاوە: یەکەم، ئایا لە کاتی هەڵبژارنەکان باروودۆخی وڵات لە وێرانی ڕووداوەکە چاکدەبێتەو و ژیان ئاسایی دەبێتەوە؟ دووەم هۆکار بریتییە لە وەی کە ئاخۆ ئەردۆغان بڕیاردەدات کە لە بەرژەوەندی دایە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی باری لەناکاو و دواخستنی هەڵبژارنەکان بۆ دوای بەرواری 18ی شەش کە دوا وادەیە."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، نزیکی 8 هەزار هاوڵاتی بەهۆی بوومەلەرزەکەی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە (6ی دووی 2023) لە تورکیا و سوریا گیانیان لەدەست داوە، سەرەڕای برینداربوون و دەربەدەربوونی دەیان هەزار کەس بەهۆی وێرانکاری ڕووداوەکە.

ڕۆژی ڕابردوو سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 3 مانگ باری لەناکاوی ڕاگەیاند، کە بەگوێرەی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا، جەدیجە فارقین لە ئامەد، بووەتە هۆی تووندکردنی ڕێوشوێنەکانی هێزەکانی دەوڵەت و ڕێگری لە ڕووپێوی ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕووداوەکە.

بە گوێرەی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەشێک لە هاوڵاتیان لە کاریگەری وەڵامدانەوەی حکومەتی تورکیا بۆ کارەساتەکە نیگەرانن. لە شاری سەمسور کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، هاوڵاتیان لە تەواوی شارەکە لە دەوروبەری بینا ڕووخاوەکان ئکۆبوونەتەوە بە هیوای ئەوەی هێزەکانی فریاگووزاری خێزان و کەس و کاریان ڕزگاربکەن لەژێر داروپەردووی دوای بوومەلەرزەکە.

بەگوێرەی وتەی چەند دانیشتوانێکی ئەم شارە بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەشێکی زۆری خەڵک دوای چەندین کاتژمێر مانەوە لە ژێرخاک تا ئێستا دەرنەهێندراون و ئەوانەی ماون مەترسی ڕەقبوونەوەیان هەیە بەهۆی ساردی کەشی ئەو شارە کە لەژێر پلەی بەستندایە. بەشێکی زۆریان توڕەن لە هێزەکانی فریاکەوتن و دەڵێن پەلە دەکەن لە زووتر دەرهێنانی ئەو کەسانەی کە سەر بە حیزبی ئاکەپەن.

بەڵام ئەردۆغان و بەرپرسانی تری حکومەتەکەی دەڵێن ئەوان هەموو هەوڵێکیان خستۆتە گەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکە و بەشێک لە سەرکردەکانی حیزبەکەی کەوتوونەتە ستایشکردنی ڕۆڵی ئەردۆغان وەکو "ڕێبەر".

مەحمەت مەتینەر، یەکێک لە سیاسەتمەدارانی ئاکەپە کە بە ڕەگەز کوردە، لە تویتێکی پیاهەڵداندا دوێنێ ڕایگەیاندبوو، "مردووەکانمان پێ ناگەڕێتەوە بەڵام ڕێبەرێکمان هەیە کە دەتوانێت سەمسور نۆژەنبکاتەوە." ئەو سیاسەتمەدارە دواتر بەهۆی ڕەخنەی زۆرەوە توویتەکەی سڕییەوە.

ئەردۆغان لە کاتی ڕاگەیاندنی باری لە ناکاو کە تا 14ی مانگی پێنج ماوەکەی داندراوە، ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی بۆ ئەوە بووە کە '"هەرچی زووە" هەنگاوەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردن ئەنجام بدرێن.

بەڵام ئەمبەرین زەمان پێیوایە کە ئەم کارەساتە تاقیکردنەوەیەکی جدییە بۆ ئەردۆغان کە ئێستا بەهۆی خراپی ئابووری تورکیا ناڕەزاییەکان بەرامەبەر بە سیاسەتەکانی ڕوو لە زیادبوونن.

ئامبەرین زەمان لە ماڵپەڕی هەواڵی ئەلمۆنیتەر نوسیویەتی، "ڕۆژانی داهاتوو ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ئەردۆغان چەندە شارەزایە لە گۆڕینی ناخۆشییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی، هاوشێوەی ئەوەی دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 کردوویەتی کاتێک وەک بیانوویەک باکاریهێنا بۆ لێدان لە نەیارەکانی."

مایکل ڕوبین، پسپۆڕێکی بواری کورد و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای ئەمریکی ئینتەرپڕایز، ڕەخنە لە کاردانەوەکانی ئەردۆغان دەگرێت پاش بوومەلەرزەکە و دەڵێت، "ئەردۆغان کەمتر لە دەوڵەتمەدار بووە. تەلەفۆنی بۆ زۆرێک لە سەرکردەکانی شارەوانی و پارێزگاکانی ئەو ناوچانە کرد کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام ئەوەی پشتگوێخست کە پەیوەندی بکات بەو سەرۆک شارەوانیانەی کە سەر بە ئۆپۆزسیۆنن. جارێکی تر ئەردۆغان نیشانی دەدات کە سەرکردە نییە بۆ هەموو تورکەکان."

ئەو پسپۆڕە دەڵێت حکومەتی ئەمەریکا دەبێت پشتگیری تورکیا بکات بۆ ڕزگاربوون لەو کارەساتە "بەڵام نابێت چاوی بەڕووی ئەو ڕاستییە دابخات کە ئەردۆغان لە هەموو کارەساتێکدا بەدوای بەرژەوەندی خۆی دەکەوێت."

ئەردۆغان لە مانگی یازدەی ساڵی 2002ەوە و بۆماوەێ زیاتر لە 20 ساڵە حوکمی تورکیا دەکات.


XS
SM
MD
LG