Accessibility links

لە ئامەد هەتا ئێستا زیاتر لە 80 کەس بە هۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە


ئامەد
ئامەد

بەگوێرەی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە شاری ئامەد بەهۆی بوومەلەرزەکەی دوێنێ دووشەممەوە، هەتا سەرەتای ڕۆژی سێشەممە تەرمی 83 کەس لە ژێر داروپەردووی شوێنە داڕووخاوەکان دۆزراونەتەوە.

خەدیجە فارقین پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئامەد ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە لە ئێستادا بەرپرسانی شارەکە هەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە بۆ هەرچی زووە دەرهێنانی هاووڵاتیانی تر چونکە بەهۆی مانەوەیان لە ژێر وێرانەی باڵەخانەکان لە کەشێکی سارد و بەفردا مەترسی زیاتر لەسەر ژیانیان دروستبووە.

دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری دەڵێت زیاتر لە 700 کەس لە لایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە بە برینداری دەرهێندراون و پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو ژمارەی قوربانیان بەرزببێتەوە.

بە گوێرەی دەزگاکە لە شاری ئامەد نزیکی 20 باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ڕووخاون و لە هەر باڵەخانەیەک بەلانی کەمەوە 200 کەس دەژین.

ئۆرهان تەتەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگاکە ، ئەم بەیانییە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند تا ئێستا 3 هەزار و 381 کەس لە تەواوی تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 20 هەزار و 426 بریندار لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری و نەخۆشخانەکان تۆمارکراون.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند، ڕووبەری کاریگەری بوومەلەرزەکە 110 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و بە هۆیەوە 5 هەزارو 775 باڵەخانە و خانوو ڕووخاون.

سەرچاوە / خەدیجە فارقین، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG