Accessibility links

چاودێران: خەڵاتکردنی پارێزەرەکەی گیراوانی بادینان پەیامی "گەورەی" ئەمەریکایە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم


بەشدار حەسەن
بەشدار حەسەن

ئەم هەفتەیە بەشدار حەسەن کە پارێزەری خۆبەخشی زیندانیانی بادینانە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بانگهێشتکراو خەڵاتی داکۆکی کردنی لە مافەکانی مرۆڤی پێبەخشرا، لە پای داکۆکی کردن لە کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان.

چەند چاودێرێک دەڵێن خەڵاتەکە پەیامێکی ئەمەریکایە بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، و دەڵین جیهان لەوە تێگەشتووە کە مەودای ئازادیەکان لە هەرێمی کوردستان بەرتەسک کراوەتەوە.

مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکی دەزگای ستاندەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێم وایە ئەم خەڵاتە قۆناغێکی نوێ لە کوردستان دێنێتە ئاراوە و ئاماژەی ڕوونە لەوەی وڵاتانی دەرەوە پاڵپشتی لە ئازادیخوازان دەکەن."

مەسعود عەبدولخالق پێیوایە کە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئەمەریکا، دژی فشارەکانی سەر بیروڕای ئازادن لە هەرێمی کوردستان.

ئەو پێیوایە کە خەڵاتەکە ڕێگەخۆشکەرە بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی بیروڕا لە هەرێم چونکە "خەڵک تێگەشت کە وڵاتان پشت و پەنای ئازادی خوازانن. خەڵات کردنی کاک بەشدار زۆر تێگەیشتنی لە کوردستان گۆڕی."

ئاسۆس هەردی، چاودێر و ڕۆژنامەنووس، خەڵاتەکە دەکرێت ئەوە بگەیەنێت کە وڵاتانی دەرەوە باوەڕیان وایە حوکمی زیندانیانی بادینان پێشێلکاری یاساییە.

ئاسۆس هەردی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "وەرگرتنی ئەم خەڵاتە پێمان دەڵێت، دنیایەک پرسیار لەسەرئەو حوکمە هەیە کە بەسەر زیندانیانی بادیناندا سەپێنراوە. وە دان پێدانانێکە بەوەی کەئەو حوکمانە گومانیان لەسەرە و یاسایی و ڕاست نین، وە حوکمێکیان بەسەردا دراوە کە شایەنی نین. گرنگیەکەشی لەوەدایەکە وەزارەتێکی گەورەی وەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە خەڵاتی بەشدار حەسەن دەکات بۆخۆی پشتیوانیەکی گەورەیە."

لە مانگی(8 و 10 ی 2020) بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و بەشداری کردنیان لە خۆپیشانداندا دەستگیرکران ، دەستگیرکراوەکان لە سەرەتادا ژمارەیان 83 کەس بوو، بەڵام ژمارەیەکیان ئازاد کران، و ٣٢ کەسیشیان حوکم دران، کە کەمترینیان لە ١ ساڵەوە دەستی پێکرد و درێژترین ماوەی حوکمەکانیشیان ماوەی ٧ ساڵ بوو، لە ئێستاشدا ٧ کەسیان لە زیندان ماونەتەوە، و ئەوانەی تریش پلە بە پلە ئازاد کران.

هەرچی دەزگیرکراوانی بادینانیشن هەر لەسەرەتاوە ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە و بە بڕیاری سیاسی ناویان برد، ڕایاگەیاند "لە یەکەم ڕۆژەوە بێ ئەمری دادوەر و حوکمەکانیان بێ هەبوونی پارێزەر بووە."

بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی زیندانیانی بادینان دوێنێ 2/2/2023 لە بەرنامەیەکی دەنگی ئەمەریکادا تۆمەتی سەر دەستگیرکراوانی بادینانی بە بێ بنەما وەسفکرد وئەوەی ڕاگەیاند" کە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان پانتایی ئازادی فراوانتر بکەن."

لە دیدی بەشێکی زۆر لە چاودێران پێدانی خەڵاتەکە و پەیامەکەی ئەمەریکا پێدەچێت کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت و لە داهاتوودا بە مامەڵەی خۆیاندا بچنەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان پێشێلکاریەکان سنوردار بکرێن. لە لایەکی ترەوە، بە پشتیوانیەکی بەهێزدادەنرێت بۆ هاوڵاتیان، چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان، و ئازادیخوازان، بەوەی لەمەودا ئازادانە گوزارشت لە تواناو داواکاریەکانیان بکەن و سورتر و جەسورتر بن لە داکۆکی کردن لە مافەکانی خەڵك و خۆیاندا.

لەو بارەیەوە مەسعود عەبدولخالق ڕای وایە " دەبێت بە خۆداچونەوە بکەن، چونکە ئەوە پەیامێکی ناوخۆیی و جیهانیە. چەند جاری تریش پەیامدراوە بە گوێی دەسەڵاتدا لەم بارەیەوە. ماوەی 12 ساڵ زیاترە یەک ڕاپۆرتی نێو دەوڵەتی نەبووە بە باشە وەسفی دەسەڵاتی کوردی بکات، وە ئەوە ڕوون بۆوە کە کۆمەڵگەی دەرەوە لایەنگری ئازادی ڕادەربڕینە."

ئاسۆس هەردی هەڵوێستی ڕادیکاڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت " کەم ڕویداوە کە وڵاتان هەڵوێستی ئاوا ڕاشکاوانەیان هەبێت، بە هیواین سەرەتای ئەوەبێت، بەجدیتر ماف و ئازادی و سەروەری یاسا لە وڵاتەکاندا وەربگرن، چونکە خۆیان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە پشتیوانی ئازادیخوازانن، بە پێی ئەزموونی خۆم ئەم هەڵوێستە کاریگەری زۆری لەسەر گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا نابێت."

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو کردەیە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و (CPJ) لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردبوو لە عێراقدا 5 ڕۆژنامەنووس لە زیندانن و هەر پێنجیان لە هەرێمی کوردستانن کە مەبەست لێی زیندانیانی بادینانە، ڕێکخراوی ( سی پی تی) ش ڕایگەیاندبوو کە زیندانیەکان لە ژێڕ ئەشکەنجەدا ئیفادەیان لێوەرگیراوە، هەر بە پێی ڕاپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، بە هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر دەستگیرکراوان ئیفادەیان وەرگیراوە، و بەو پێیە بێت لە هەرێمی کوردستاندا پێشێلکاری هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، 6 ڕۆژ پێش دادگاییکردنی زیندانیانی بادینان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "کە ئەو دەستگیرکراوانە ڕۆژنامەنووس نین و بە جاسوس ناوی بردن، هاوکات ڕایگەیاند ئەوانە پلانی کاری تێکدەرانەو تەقینەوەیان بۆ کەسانی دیار و دیپلۆماتکارەکان داناوە."

XS
SM
MD
LG