Accessibility links

پۆلیسی فەرەنسا پیاوێک دەستگیردەکەن دوای هەڕەشەی هێرشکردن لە ناو شەمەندەفەرێکدا


پۆلیسی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی فەرەنسا ڕۆژی هەینی گەنجێکی تەمەن 24 ساڵیان دەستگیرکردووە کە لە شەمەندەفەرێکی خێرادا هەڕەشەی تەقاندنەوەی خۆی کردووە و دوای ئەوەی هیچ تەقەمەنییەکی پێی نەدۆزراوەتەوە، تەندروستی دەروونیی بۆ هەڵدەسەنگێنن.

وتەبێژی کۆمپانیای نیشتمانی شەمەندەفەری SNCF ڕایگەیاند، شەمەندەفەرێک کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆلمارەوە بەرەو پاریس دەڕۆیشت، لە ئەنجامی وەستانی بۆ دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان دواکەوتوە.

ناوبراو بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "دۆخەکە تەواو بووە و لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، تاکەکەسەکە دەستگیرکراوە".

بنکەی پۆلیسی ناوچەکە ڕایگەیاندووە، ئەو گەنجە تەمەن 24 ساڵە "هەڕەشەی تەقاندنەوەی خۆی دەکرد" و پرسیاری لە سەرنشینەکان کردووە کە ئایا باوەڕیان بە خودا هەیە، بەڵام نە چەک و نە تەقەمەنی پێبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەمەندەفەرەکە کە 280 کەسی تێدابووە، کەمێک پێش کاتژمێر 8ی بەیانی لە شارۆچکەی لۆڤینی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕاگیراوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە پۆلیس بدات دەستوەردان بکات و دەستگیری بکات بەهۆی "هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش"ەوە.

نزیکەی 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و سەگی تایبەتمەند بۆنکردن "گەڕانێکی ورد"یان لە شەمەندەفەرەکەدا ئەنجامدا بەڵام هیچیان نەدۆزیەوە، پێش ئەوەی ڕێگەی بە شەمەندەفەرەکە بدرێت لە نزیکەی کاتژمێر 10:20 خولەکی بەیانیدا بگەڕێتەوە سەر ڕێگەی خۆی.

لێکۆڵەران دەڵێن ئەو کەسە کە پێشتر لە شەمەندەفەرێکدا لە شاری ڕیمس لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەڕەشەیەکی هاوشێوەی کردووە، "هەڵسەنگاندنی دەروونی"ی بۆ دەکرێت.

سەرچاوەیەکی پۆلیس ئاشکرای کرد، کە سەرەتا ئەو کەسە لەلایەن پۆلیسێکەوە دەستبەسەر کراوە کە وەک سەرنشینێکی ئاسایی بە شەمەنەکەدا هاتووچۆی کردووە لەژێر سیستەمێکدا کە دەتوانن بە خۆڕایی هاتووچۆ بکەن.

جیراڵد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەرەنسا وتی ئەم ڕێکخستنە "هەموو کاتێک کارایی خۆی بۆ سەلامەتی خەڵکی فەرەنسا لە کاتی گواستنەوەدا دەسەلمێنێت".

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG