Accessibility links

چاودێران هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان لە کێشمەکێشمی سیاسی


دوای بڕیارەکەی ئەم هەفتەیەی دادگا لە هەولێر سەربارەت بە کەیسی هاوسەرۆکی لاهور شێخ جەنگی لە یەکێتی، هەندێک لە چاودێران هۆشیاری دەدەن لە مەترسی بەکارهێنانی دادگاکانی هەرێمی کوردستان لە ململانێی سیاسی.

بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن بڕیارەکە ساسییە و لە ژێر فشاری پارتی بووە. بەڵام پارتی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم وەلی بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە "هەموومان ئەوە دەزانین" حزبە سیاسیەکان توانیویانە کاریگەرییان هەبێت بەسەر دادگاکانی هەرێم. ئەو پێیوایە، "پارتی پەشیمانە لەوەی 8ی تەممووز ڕوویدا چونکە ئەوان واپێشبینیان کرد ئەگەر یەکێتی بکەوێتە دەست کوڕانی مام جەلال دەتوانن بە ئاسانتر لە ڕابردوو مامەڵەی لەگەڵ بکەن. بەڵام بینیان مامەڵە کردن لەگەڵ یەکێتی لە سەردەمی کوڕەکانی مام جەلال زۆر زۆر سەخترە لەچاو ئەوەی سەردەمی هاوسەرۆکی بوو."

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت یەکێتی لە ئێستادا سیاسەتێکی ڕوونی نییە بەرامبەر پارتی کە وای لە پارتی کردووە "هەتاڕادەیەک دەستەوەستان" بێت. ‌هەروەها دەڵێت. "به ‌قەناعەتی من پارتی دەستی هەبوو لە تێکدانی ناوخۆی یەکێتی لە 8ی تەممووز و ئێستا ڕەنگە پارتی بیەوێت بارەکە ڕاستبکاتەوه."

"‌هەشتی تەمموز"

کێشەکانی یەکێتی لە دوای 8ی مانگی حەوتی 2021 وە بەلادانی سەرۆک و بەرپرسانی دەزگای دژە تیرۆر و زانیاری سەریهەڵدا. هەفتەیەک دوای ئەوە بە بانگەشەی هەوڵی ژەهر خواردکردنی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن لاهور شێخ جەنگیەوە، شێخ جەنگی لە یەکێتی دوورخرایەوە.

لاهور شێخ جەنگی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی دەڵێت بەڵگەی پزیشکی لایە بۆ سەلماندی ئەم تۆمەتە. تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بێلایەن لەسەر ئەم پرسە بڵاونەکراونەتەوە.

دوێنێ چوارشەممە ، 1ی مانگی دووی 2023 ، دادگای لێکۆڵێنەوەی ئاسایشی هەولێر لە وەڵامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتییە. وەڵامەکە دوای ئەوە هات کە کۆمسیۆن ڕۆژی دووشەممە، 30ی مانگی یەکی 2023، سکاڵایەکی سەیوان سیروان جاسم، کە پارێزەری لاهور شێخ جەنگییە، بۆ بە نایاساییبوونی بڕیارەکەی یەکێتی ڕەتکردبۆوە.

هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە، 2 ی مانگی دوو، لە ڕاگەیەندراوێکدا تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند "لاهور شێخ جەنگی نەک تەنها پۆستی نییە لەناو یەکێتی، بەڵکو یەکێکە لە دەرکراوەکان." سەبارەت بە سکاڵاکان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژارندەکانی عێراق، لەو ڕاگەیەندراوە هاتووە، "هەموو سکاڵاکان لە بەرژەوەندی سەرۆک بافڵ کۆتاییان پێ هاتووە" و بۆ بڕیارەکەی دادگای هەولێر دەڵێت، "ئەو داوایە لە تایبەتمەندی ئەو دادگا بەڕێزە نییە و ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا ڕوونکردنەوەیە نەک بڕیاری دادگا."

ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، سەبارەت بە مامەڵەکردنی یەکێتی لەگەڵ دوو بڕیارەکەی هەولیر و بەغدا، ڕۆژی چوارشەممە، 1 ی مانگی دوو، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بەدڵنیاییەوە یەکێتی ئەوەی بەغدا وەردەگرێت چونکە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژارنەکانی عێراق ناوەندییە... ئەوەی هەولێریش زیاتر بە سیاسی لەقەڵەمدەدەین."

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو ڕۆژی شەممەی داهاتوو یەکێتی و پارتی کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانیان کە پێشتر بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشداریانداوە لە ئەگەری چارەسەرنەکردنیان.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە بە کەناڵی کوردستان 24 ی ڕاگەیاند کە کۆبوونەوەکە لە لایەن یەکێتییەوە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە و وتی، "هیوادارین بڕیارێکی دادگای هەولێر نەبێتە هۆکار بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکان."

بڵند ئیسماعیل ڕەتیکردەوە پارتی پەیوەندی بە بڕیارەکەی دادگای هەولێرەوە هەبووبێت و ڕایگەیاند "هیوادارین دۆخی ناوخۆی یەکێتی گرفت بۆ حکومەت و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروست نەکات."

زۆنی سەوز و زەرد

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە کە کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەکێتی فشارێکی نوێیە بۆ سەر سەربەخۆیی دادگا لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە، لە نێوانیان، بە هۆی مامەڵەی دادگاکانی ژێر دەستەڵاتی پارتی لە هەندێک کەیسی وەکو گیراوەکانی بادینان.

بەڵام سەرەڕای ڕەخنەکان لە سەربەخۆیی دادگا لە هەردوو "زۆنی سەوز و زەرد" بەرپرسانی هەرێم بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە دادگا سەربەخۆیە.

عەزیز ڕەئوف، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆی جیهان لە سلێمانی، لەم بارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من ترسم لەوە هەیە ئەم دادگایە بۆ تۆخکردنەوەی کێشەکانی ناو یەکێتی لە بۆسەدابێـت و ئەم بڕیارەشی لەبەرچاوی کاڵی لایەنی غەدرلێکراو نەبووبێت."

عەزیز ڕەئوف مامەڵەکردنی لاهور شێخ جەنگی دوای دوورخستنەوەی بە "عاقڵانە ناودەبات" بەوەی کە ڕێگەی یاسایی گرتۆتەبەر. ئەو ڕایگەیاند، "مادام کێشەکە بە دادگا چارەسەردەکرێت لە خوێنڕشتن و توندوتیژی باشترە."

سەبارەت بە مامەڵەی پارتی لەگەڵ کێشەی ناو یەکێتی، عەزیز ڕەئوف پێیوایە کە مامەڵەی پارتی ناڕوونە.

ئەو ڕایگەیاند، "سەردەمێک هەر ئەم پارتیە بوو دژ بە هەوڵەکانی لاهور بوو. هەر لاهوری شێخ جەنگی خۆی پێی وابوو ئەوە تورکیا و پارتیە کودەتایان بەسەردا کردووە لەناو یەکێتیدا. بەڵام دواجار ئیدی ئەوە سیاسەتە و دوژمنی دوژمنم دۆستمە."

بە بڕوای ڕۆژنامەنوس ڕێبوار کەریم وەلی، هۆکاری ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی لە ئێستادا بە هۆی گۆڕانکارییە لە جەمسەرەکانی دەستەڵاتی ئەو دوو حزبە.

دەشڵێت، "نە پارتی پارتی جارانە و نە یەکێتی یەکێتی جارانە. من پێشبینی دەکەم مامەڵە لەگەڵ لاهوری شێخ جەنگی بکرێت لە هەولێر کە مەکتەبی سیاسی لێیە. مادام ئەم بڕیارە دەرچووە لە ئەمڕۆوە لاهور شێخ جەنگی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەولێر و وەکو هاوسەرۆک پیادەی حوکمی پۆستەکەی خۆی بکات.

بەڵام ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد کە ڕۆژنامەنووسە و هاوکات کادیری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بە دووری دەزانێت پارتی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا بکات.

ئازاد ئیبراهیم ڕایگەیاند، "پارتی ناتوانێت لە واقیع خۆی بدزێتەوە کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە. پارتی مامەڵە نەکات لەگەڵ سەرۆک بافڵ، ئەوا سەرۆک بافڵیش مامەڵە ناکات لەگەڵ پارتی. پارتی ئەوەندە دۆخی باش نییە بتوانێت لە دەرەوەی یەکێتی سەرکەوتووبێت."

لە کۆتاییدا ڕۆژنامەنووسەکەی یەکێتی ڕایگەیاند،"یەکێتی تاکو ئێستا بڕیاری کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی لەگەڵ پارتی هەڵپساردووە. فەرموو با بزانین جگە لە سەرۆک بافڵ کێ دەتوانێت یەکێتی و پارتی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆدەکاتەوە؟ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پارتی ناتوانێت کەس بەسەر سەرۆک بافڵدا هەڵبژێرێت."

XS
SM
MD
LG