Accessibility links

سەرکردەیەکی یەکێتی: بڕیاری دادگای هەولێر بۆ هاوسەرۆک بوونی لاهور شێخ جەنگی "سیاسییە" و جێبەجێ ناکرێت


ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەبەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند حزبەکەی بڕیارێکی دادگا لە هەولێر ڕەتدەکاتەوە کە لاهور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی دەناسێنێت.

ڕابیحە حەمەد ڕایگەیاند کە یەکیتی بڕیارەکەی هەولێر "زیاتر بە سیاسی" لەقەڵەم دەدەن و ڕایگەیاند "دادگای هەولێر کە بڕیاردەدات لەوانەیە لە ژێر فشارێک یان بەسیاسی کرابێت."

بەبێ ئاماژەکردن بە پارتی یان ناوهێنانی هەیچ لایەنێکی تر بە دیاریکراوی، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند کە شیانی هەیە "هەندێک لایەن" بە مەبەستی ئاڵۆزتر کردنی کێشەکانی ئەو حزبە فشاریان لە دادگا کردبێت.

ئەو ڕایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە لەوانەیە حەز بکەن بابەتەکان شتی تر لە دوای خۆی بهێنێت بۆیە بەو ئاڕاستەیەیە. زۆر لایەن هەیە لەوانەیە مەترسیان لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەبێت و بە بەردەوامی حەزبکەن یەکێتی بچوک ببێتەوە و دەسەڵاتی نەمێنێت یاخود بەردەوام کێشەی هەبێت. چونکە یەکێتی وەکو ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی سیاسی کوردی دا."

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە لە چەند ڕاگەیاندنێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە دادگایەک لە هەولێر بڕیاریداوە بە ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی ڕابردووی یەکیتی نیشتیمانی بۆ دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کە بە نزیک لە لاهور جەنگی ناسراوە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەم هەواڵەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، "بڕیار دەرچووە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکە."

ئەو بەرپرسە هەروەها ڕایگەیاند" کاتژمێر دوازدەی نیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە ئەوەم زانیوە کە دادگای هەولێر بڕیاریداوە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکە بەڵام بەغدا هێشتا بڕیارینەداوە. کۆپیەک لەو کیتابەی دادگای هەولێر دەچێتە کۆمیسیۆنی بەغدا و چاوەڕێی بڕیاری بەغدا دەکرێت."

دەنگی ئەمەریکا دەستبەجێ نەیتوانی ناوی ئەو دادگایە پشتڕاستبکاتەوە کە بڕیارەکەی لێدراوە. هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە دادگا و بەرپرسان لەسەر ئەم بابەتە سەرکەوتوو نەبوون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە 31ی مانگی یەکی 2023، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارێکی بڵاوکردەوە کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی دووشەممە و تێیدا سكاڵایەکی سەیوان سیروان جاسم، کە پارێزەری لاهور شێخ جەنگییە، بۆ بە نایاسایی بوونی بڕارەکەی یەکیتی ڕەتکراوەتەوە.

میدیا فەرمیەکانی یەکێتی، لە نێوانیان PUK Media، دەقی ئەو بڕیارەیان بڵاوکردۆتەوە.

ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، سەبارەت بە مامەڵەکردنی یەکیتی لەگەڵ دوو بڕیارەکەی هەولیر و بەغدا، ڕایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە یەکێتی ئەوەی بەغدا وەردەگرێت چونکە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژارنەکانی عێراق ناوەندییە... ئەوەی هەولێریش زیاتر بە سیاسی لەقەڵەمدەدەین."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی کە پێشتر یەکێک بووە لە لیژنەیەکی 20 کەسی بۆ پێداچونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە، ڕایگەیاند کە بەگوێرەی پەیڕەوی یەکێتی و بە دەنگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە "دەستەڵاتەکان دراون بە سەرۆک بافڵ بۆ ئەوەی ئەگەر گۆڕانکارییەک بکات...چونکە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێویستناکات هەموو هەفتەیەک کۆ ببێتەوە...ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەستەڵاتەکانی دا بە کاک بافڵ بۆ ئەوەی ئەو بتوانێت بڕیاربدات."

سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە لەسەر چارەنووسی سیاسی لاهور شێخ جەنگی ئەگەری گواستنەوەی کارەکانی بۆ هەولێر، ئەو بەرپرسەی یەکێتی کە لە لاهور جەنگی نزیکە و ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، ڕایگەیاند، "تا ئێستا دیارنییە و چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی بڕیاری کۆمسیۆنی بەغدا دەکرێت. دواتر لاهور شێخ جەنگی بڕیاری خۆی دەدات کە لەکوێ کارەکانی ئەنجام بدات. بەڵام حەتمەن ئەوان‌ (یەکێتی) ڕێگە نادەن لە سلێمانی وەکو هاوسەرۆک کارەکانی بکات."

سەبارەت بە ئەگەری کاریگەری ئەم بڕیارە لەسەر هەڵوێستی یەکێتی، ڕابیحە حەمەد ڕایگەیاند، "لە پەیڕەودا تەواو سیستەمی هاوسەرۆکی نەماوە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئێستا تەنها یەک سەرۆکی هەیە ئەویش کاک بافڵە."

شایەنی باسە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەند کەیسێکی دادگایی باڵا لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتییەوە داوای گواستنەوەیان کراوە بۆ سنوری پارتی. بۆ نمونە، لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو دەستەی سزای ئەنجومەنی دادوەری لە هەولێر داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی ڕانیە کردووە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوەکانی بۆ بنێرێت لەسەر کەیسی کوشتنی فەرماندەی یەکێتی موراد کانی کوردەیی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:09 0:00

XS
SM
MD
LG