Accessibility links

دوای نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانی کوبا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ کەسیش بێسەروشوێن بوون

میدیا فەرمییەکانی کوبا ڕۆژی هەینی بڵاویان کردەوەکە دوای نوقمبونی بەلەمێک کە لە کوباوە بۆ گەیشتن بە ئەمەریکا بەکار هێنراوە، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش بێ سەروشوێنن.

قەیرانێکی ئابووری ڕاستەقینە بووەتە بە هۆکاری زیادبوونی کۆچێکی بێ وێنە لە کوباوە بەرەو ئەمەریکا.

ڕۆژنامەی کوبادیبەیت لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاویکردوەتەوە کە "پێنج کەس لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە."

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە وەڵامی بانگەوازێک بۆ یارمەتیدان دوو بەلەمی پاسەوانی کەناراوەکان بەرەو شوێنی ڕووداوەکە ڕۆیشتوون و ١١ کەسیان ڕزگارکردووە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا لە زمانی شایەتحاڵان ڕایانگەیەندراوە کە 12 کەسی ناو بەلەمەکە بێسەروشوێنن.

زۆرێک لە خەڵکی کوبا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ەوە، سوودیان لە ڤیزەی لە نیکاراگوا کە هاوپەیمانی هاڤانایە وەرگرتووە بۆ ئەوەی هەوڵبدەن لە ڕێگەی ئەمەریکای ناوەڕاستەوە خۆیان بگەیەنە ئەمەریکا.

هەروەها کۆچکردن لە ڕێگەی دەریاوە، بەتایبەت لە ڕێگەی تەنگەی فلۆریداوە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە.

پاسەوانی کەناراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ١ی مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٢وە تاکو ئێستا ٥ هەزار و ٣٢١ کەسی خەڵکی کوبایان لە دەریادا گرتووە، ئەمەش لە کاتێکدا کە لە هەموو ساڵەکەدا تا مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢٢ تەنها ٦ هەزار و ١٨٢ کوبایان لە دەریادا گرتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG