Accessibility links

هەرێمی کوردستان لە پلانێکی "مەترسیدار" ئاگادار دەکرێتەوە


فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە، هۆشداری دەدات لە نیازی عێراق لە پێکهێنانی لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، جەخت لەسەرئەوەدەکاتەوە، ڕازی بوونی هەرێم بە هاتنە پێشەوەی سوپا لە ژێر ناوی هێزی هاوبەش بۆ ئەو ناوچانە، هەنگاوێکی مەترسیدارە.

فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"وەزارەتی پێشمەرگە لە مەترسییەکانی پێکهێنانی لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان ئاگادار کراوەتەوە، چونکە عێراق دەیەوێت لە ژێر ناوی لیوای هاوبەش لەهەندێک ناوچەی گرنگ و ستراتیژی هەرێم نزیک ببێتەوە."

فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە سوپای عێراق لە هەندێک ناوچەی گرنگ و ستراتیژی نزیک دەبێتەوە، وتی"بۆشایی ئەمنی پڕ بکرێتەوە، سوپا لە کێڵگەی کۆرومۆر نزیک دەبێتەوە، لە کێڵگەکانی موسڵ و هەولێر و چەندین ناوچەی تری ستراتیژی هەرێم نزیک دەبێتەوە، ئەمانە بۆ هەرێم مایەی مەترسیین."

بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان، لە ساڵی 2017 ەوە دروست بوون، هیچ هێزێکی عێراقی و کوردییان تێدا نییە و بوون بە پێگەی چەکدارەکانی داعش، بە پێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، دەبێت بەهێزی هاوبەش پڕ بکرێنەوە.

عەمید روکن عادل زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لەبارەی بۆشاییە ئەمنییەکانەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"پێکهێنانی هێزی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیین، ڕەزامەندی لەسەر دراوە و بڕیاری لێدراوە، چاوەڕێی پەسەند کردنی بودجەی عێراقین."

لە زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بوونیان هەیە، بە تایبەت لە پارێزگاکانی (موسڵ، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە)، هیچ هێزێکی عێراقی و کوردی مافی رۆیشتنیان بۆ ئەو ناوچانە نییە، بە بێ هەماهەنگی و ئاگادارکردنەوەی یەکتری.

هەرکات داعش جوڵەی هەبێت لەو سنورانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، پێشمەرگە و سوپا پێکەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکان، هەردوولایان دەکشێنەوە بۆ بنکە و بارەگاکانیان.

لیوا ئیسماعیل سەرحان، رێکخەری پێشووی نێوان پێشمەرگەو سوپا لە پارێزگای دیالە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ئەو وتیشی"لیوا هاوبەشەکان پێویستیان بە موچە و نەسریە و پێداویستی هەیە، بۆیە چاوەڕوانی پەسەندکردنی بودجەن."

XS
SM
MD
LG