Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن چیدیکە بەدوای زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێراندا نین


بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا گوتی ئێران دانوستانە ئەتۆمییەکانی بە جددی وەرنەگرتووە و لەبری ئەوە بڕیاری داوە بە شێوەیەکی توندوتیژ و دڕندانە خەڵکەکەی خۆی سەرکوت بکات و هەرەها پشتیوانی لە شەڕی ڕووسیا بکات لە دژی ئۆکرانیا.

جان کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بایدن بە تەواوەتی سوورە لەسەر ئەوەی کە ئێران نەتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە جۆو بایدن بەدوای پێشکەوتنەکاندا نییە بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و هۆشداریدا لەوەی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ بەدواداچوونی بەدیلەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆماری ئیسلامی چەکی کۆمەڵکوژ بەدەست نەهێنێت.

جان کێربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە دیپلۆماسی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکان چیدیکە لەبەرنامە و پلانی ئەمەریکادا نییە.

لەوەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، ئەمە چەندەمین جارە کە کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنن کە چیدیکە بەدوای زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیدا نییەن، هەرچەندە تاکو ئێستا هیچ لایەنێک بە شێوەی فەرمی مردنی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ڕانەگەیاندوە.

ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی لەم دوایانەدا سزایان بەسەر چەند کەس و قەوارە ئێرانییەکاندا سەپاند کە دەستیان هەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئیران و هەروەها دەستیان هەبووە لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا.

دوابەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا لەلایەن پولیسی ئاکاری ئێرانەوە، شارەکانی ئێران بوون بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥٢٠ کەس لەم خۆپیشاندانانەدا کوژراون و هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون.

ماڵپەڕی کۆشکی سپی

XS
SM
MD
LG