Accessibility links

بەرپرسی سی ئای ئەی سەردانی ئیسرائیل دەکات


میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە کە ویلیام بێرنز بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەی لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ئەم مانگەوە گەیشتووەتە ئیسرائیل بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و فەلەستین.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە فەلەستینییەکان یەکێک لەو پرسە گرنگانەیە کە ویلیام بێرنز لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و فەلەستین تاوتوێی کردوە.

سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەی لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسیسەرۆکی میسریش کۆبووەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بۆ سەر کەمپی جێنین لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا دەستپێکرد بە ئامانجی دەستگیرکردنی چالاکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کە تێیدا ٩ دانیشتووی ئەو بەشەی باکووری کەرتی ڕۆژئاوا کوژران.

گەشتەکەی ویلیام بێرنزی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل و ناوچە فەڵەستینیەکان تۆزێک پێش سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەچووە.

پێشتر جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووبووە.

بە پێی ڕاپۆرتی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەنگاوە پێویستەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ عەرەبستان، ناوەڕۆکی سەرەکیی دیداری ناتانیاهۆ و سولیڤان بووە.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممەش بلینکن بگاتە ئیسرائیل و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و ئێلی کۆهین وەزیری دەرەوە و سەرکردە باڵاکانی دیکەی ئیسرائیل کۆببێتەوە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی وتووێژ لەم دیدارەدا، ڕاگەیاندنی پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکایە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، بەتایبەتی بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێران.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG