Accessibility links

گروپێکی مافی مرۆڤ: ئێران لە ئەمساڵدا زیاتر لە 50 کەسی لەسێدارە داوە


بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران IHR کە بنکەی لە نەروێژە و لە ڕۆژی هەینیدا بڵاوکرایەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی 2023دا 55 کەسیان لە سێدارە داوە و بە ئاماژە بە زیادبوونی بەکارهێنانی سزای لە سێدارەدان ئامانجی دروستکردنی ترسە لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان وڵات دەهەژێنن.

لەلایەکی دیکەوە، گروپی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، سێ گەنج کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، کە بچووکترینیان تەمەنی تەنها 18 ساڵە، لە دەستبەسەرکردندا تووشی "ئەشکەنجەیەکی ترسناک" کراون.

IHR ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی 26 ڕۆژی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم 55 لەسێدارەدانی پشتڕاستکردووەتەوە.

IHR وتی چوار کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکان لەسێدارە دراون، لەکاتێکدا زۆرینەی ئەوانەی هەڵواسراون، 37 یان بە تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون.

گروپەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لانیکەم 107 کەس بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە، دوای ئەوەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ئێرانەوە لە ساڵانی ڕابردوودا، IHR ئاماژەی بەوەدا کە "هەموو لەسێدارەدانێک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سیاسییە" وەک ئامانجی سەرەکی "دروستکردنی ترس و تیرۆری کۆمەڵایەتییە".

مەحموود ئەمیری مغدام، بەڕێوەبەری IHR دەڵێت: "بۆ وەستاندنی ئامێری لەسێدارەدانی دەوڵەت، نابێت هیچ لەسێدارەدانێک قبۆڵ بکرێت، جا سیاسی بێت یان ناسیاسی".

چالاکوانان ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی تۆقاندن بەکارهێنراوە بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە مانگی نۆدا دوای مردنی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ کە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جل و بەرگی وڵات بۆ ژنان دەستگیرکرابوو، سەریهەڵدا.

ڕۆژی هەینی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند سێ کەس کە لە مانگی یەکدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، تووشی ئەشکەنجە بوون "لەوانەش شەق لێدان، تەزووی کارەبا، هەڵواسینی سەرەوە و هەڕەشەی کوشتن بە ئامانجی دەمانچە".

جەواد ڕوحی تەمەن 31 ساڵ، تووشی ئەشکەنجە بووە کە لەنێویاندا "دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر بەهۆی ئەوەی سەهۆڵ لەسەر کۆئەندامی زاوزێی دانراوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، مێهدی محەمەدیفاردی تەمەن 19 ساڵ، بۆ ماوەی یەک هەفتە لە ژووری تاکەکەسی لە خانەیەکی پڕ لە مشکدا ڕاگیراوە و دەستدرێژی کراوەتە سەر، ئەمەش بووە هۆی "برینداربوونی کۆم و خوێنبەربوونی کۆم، کە پێویستی بە خەواندن لە نەخۆشخانە بووە".

ئارشیا تاکدەستان تەمەن 18 ساڵ، " لێدراوە و هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، لەنێویاندا دەمانچەیەک ئاراستەی سەری کراوە ئەگەر لەبەردەم کامێرای ڤیدیۆیدا 'دانپێدانانی' نەکات".

IHR و گرووپەکانی دیکەی مافخوازان تا ئێستا ئاماری ئێعدامەکان لە ئێران بۆ ساڵی 2022 بڵاو نەکردۆتەوە.

بەڵام IHR لە سەرەتای مانگی دوانزەدا ڕایگەیاندبوو کە تا ئەو کاتە زیاتر لە 500 کەس لەسێدارەدراون، کە بەرزترین ئامارە لە ماوەی پێنج ساڵدا لەکاتێکدا بەپێی داتاکانی، لانیکەم 333 کەس لە ساڵی 2021دا لە سێدارە دراون، کە بە بەراورد بە 267 کەس لە ساڵی 2020دا لە سێدارە دراون .

IHR هەروەها ڕایگەیاند کە بەپێی دوایین ئامار هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵاتدا لانیکەم 488 کەسیان کوشتووە کە 64 کەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی 64 منداڵەکە 10 منداڵیان کچ بوون.

شرۆڤەکاران دەڵێن لە مانگی یانزەوە خۆپیشاندانەکان کەمبوونەتەوە، بەڵام هێشتا بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان وەک تەحەدایەک بۆ کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی ئایەتوڵڵا خامنەیی دەمێنێتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG