Accessibility links

لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە ئێران کەسێک کوژرا


باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران
باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران

چەکدارێک ڕۆژی هەینی هەڵیکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران و لە هێرشەکەدا بەرپرسی ئاسایشی باڵیۆزخانەکە کوژرا، کە ئێران وتی پاڵنەرەکەی بە هۆکاری کەسی بووە بەڵام باکو بە کردەوەیەکی "تیرۆریزم" ناوی بردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ڕایگەیاندووە، "بەرپرسیارێتی" تەقەکردنەکە کە دوو پاسەوانی باڵیۆزخانەکەیان بریندارکردووە، لە ئەستۆی ئێراندایە. وتەبێژی ئایهان حاجیزادە بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە هەڵمەتێکی ئەم دواییەی دژە ئازەربایجان لە ئێران "هانی هێرشەکەی داوە".

دواتر حاجیزادە بە پەخشی دەوڵەتی تورکیا تی ئاڕ تی هابەر ڕاگەیاند کە کارمەندانی باڵیۆزخانەکە لە ئێران گواستراونەتەوە.

گرتە ڤیدیۆییە دزەپێکراوەکانی باڵیۆزخانەکە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە و میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، دەرکەوتووە کە دوو کەس ئۆتۆمبێلێکیان وەستاندووە و دەچنە ناو بیناکە لە ڕۆژهەڵاتی تاران، پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی خێرا لێی نزیک دەبێتەوە و خۆی بە دواوەی ئۆتۆمبێلەکەیاندا بکێشێت.

پیاوێک کە پێدەچێت تفەنگێکی نیمچە ئۆتۆماتیکی بەدەستەوەیە، لە ئۆتۆمبێلی دووەمەوە دەردەکەوێت و ئاماژە بە پاسەوانێک دەکات پێش ئەوەی بە زۆر ڕێگەی خۆی بکاتەوە بۆ ناو باڵیۆزخانەکە.

گرتەیەکی دیکەی پشتڕاستنەکراوە کە وادیارە لەناو باڵیۆزخانەکەدا تۆمارکراوە، دوو پیاو دەردەکەوێت کە دەچنە ژوورەوە و یەکێکیان دەرگاکە دەکاتەوە لە وەڵامی ئاژاوەگێڕییەکانی دەرەوە، ئەمەش ڕێگە بە چەکدارێک دەدات بچێتە ناو بیناکەوە و تەقە بکات.

دوای کاتژمێرێک لە هێرشەکە، پۆلیس ڕایگەیاند کە هێرشبەرەکە تەمەنی 50 ساڵە و لەگەڵ کچێکی تەمەن 14 ساڵ و کوڕێکی تەمەن 7 ساڵدا چوونەتە ناو باڵیۆزخانەکە و تەقەی کردوە و دەشڵێت هێرشبەرە دەستگیرکراوە.

دوابەدوای هێرشەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ڕایگەیاند، بەرپرسی ئاسایشی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی کوژراوە و دوو پاسەوانیش برینداربوون ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.

ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، هێرشەکە کردەوەیەکی "تیرۆریزم" بووە و ناوی ئەفسەرە ئەمنییە کوژراوەکەی بە لیوای یەکەم ئۆرخان ڕیزڤان ناوبردووە.

جەنەڕاڵ حوسێن ڕەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی تاران ڕایگەیاند، هێرشبەرەکە دەستگیرکراوە و پیاوێکی ئێرانی بووە و هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی ئازەربایجانی کردووە.

ڕەحیمی لە تەلەفزیۆنیدا وتی: کە هێرشبەرەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هاوسەرەکەی چەند مانگێک پێش ئێستا چووەتە باڵیۆزخانەی ئازەربایجان و نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات و ئاماژەی بەوەشکردووە، پاڵنەرەکانی پشت ئەو هێرشە "شەخسیبووە".

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG