Accessibility links

لە عێراق 14 کەس سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا دەسەپێندرێت


گۆڕی بە کۆمەڵی سەربازانی کەمپی سپایچەر لە تکریت 6 ی مانگی 4 ی 2015
گۆڕی بە کۆمەڵی سەربازانی کەمپی سپایچەر لە تکریت 6 ی مانگی 4 ی 2015

کاربەدەستانی دادوەری عێراق دەڵێن 14 کەس لە عێراق بە هۆی ڕۆڵیان لە کۆمەڵکوژی سەدان سەربازی نوێی عێراقی لە ساڵی 2014دا لەلایەن داعشەوە، سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو کۆمەڵکوژییە یەکێکە لە خراپترین کۆمەڵکوژییەکانی کە داعش لە عێراقدا ئەنجامی داوە، کە لە مانگی شەشی 2014 توندڕەوەکانی داعش 1700 سەربازی نوێی عێراقیان ڕفاند کە زۆربەیان شیعەبوون و لە بنکەی سەربازی سپایچەر لە تکریت مەشقیان پێدەکرا.

دەسەڵاتی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاند دادگای تاوانەکانی ئەلروسەفە لە بەغدای پایتەخت "بەهۆی بەشداریکردنیان لە کۆمەڵکوژی کامپ سپایچەر لە ساڵی 2014دا سزای لەسێدارەدانی بەسەر 14 تیرۆریستی تاوانباردا دەرکرد". لە بەیاننامەکەدا باس لەوە نەکراوە ئەو 14 کەسە خەڵکی کوێن.

ئەو چواردە پیاوە 30 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ تانەدان لە سزاکە. هەروەها دەبێت ئەو فەرمانانەی کە ڕێگە بە لەسێدارەدان دەدەن لەلایەن سەرۆکەوە واژۆ بکرێن.

لە ساڵی 2016دا 36 پیاو بەهۆی بەشداریکردنیان لەو کۆمەڵکوژییەدا لەسێدارە دران.

کۆمەڵکوژیی سپایچەر لە سەرەتاکانی هێرشی داعش بۆ سەر عێراق ڕوویدا، کاتێک هێزەکانیان دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرت و کردیان بە قەڵای خۆیان تاوەکو لە ساڵی 2017 لەلایەن سوپای عێراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە شکستیان پێهێنرا.

بەگوێرەی ئەو وێنە پڕوپاگەندەییانەی داعش بڵاویان کردۆتەوە، جیهادییەکان یەک بە یەک ئەو کەسانەیان لەسێدارەداوە.

هەندێک تەرم فڕێدرابوونە ناو ڕووباری دیجلە کە بەناو تکریتدا تێدەپەڕێت، هەندێکی دیکەشیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپێردرابوون.

ئەو کۆمەڵکوژییە بووە هۆی زیادبوونی خۆبەخشە شیعەکان بۆ ناو میلیشیاکانی کە شەڕی جیهادییەکانیان دەکرد.

لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی عێراق ئامارەکان نادەن، بەڵام دەگوترێت چەند هەزار کەسێک بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعشدا لە زیندانەکانی عێراقدا گیراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2018 ڕایگەیاند وا مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 12 هەزار کەسی عێراق و بیانی بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعش لە زینداەکانی عێراقدا گیرابن.

پێشتریش عێراق ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی ئەنجامدانی سەدان دادگاییکردن کە گروپەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەڵێن دادگاییکردنی خێران و دانپیادانانەکان لەژێر ئەشکەنجەدان یان بەبێ بەرگرییەکی دروست بەدەستهێنراون.

بە پێی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی لە ساڵی 2021دا عێراق 17 کەسی بۆ هەموو جۆرە تاوانەکان لەسێدارەداوە.


XS
SM
MD
LG