Accessibility links

چالاکوانانی ناڕازی سەیدسادق شیرینی دەبەخشنەوە دوای ئەوەی قایمقام پۆستەکەی جێدەهێڵێت


قایمقامی سەیدسادق دیاری ڕفیق
قایمقامی سەیدسادق دیاری ڕفیق

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە قایمقامی سەیدسادق دیاری ڕفیق نوسراوێکی بڵاوکردەوە کە داوای لە پارێزگاری سلێمانی کردووە کەسێک بۆ شوێنەکەی دەستنیشان بکرێت. لەبەرامبەردا چەند چالاکوانێک بەوهۆکارەوە شیرینیان بەخشیەوە و دەڵێن لە ژێر فشاری ئەواندا دەستلەکاردەکێشێتەوە، بەڵام قایمقام ئەم دەنگۆیە ڕەتدەکاتەوە.

دیاری ڕەفیق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " لەسەر خواستی خۆم دەستم لەکارەکەم هەڵگرتووە، فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیرانم هەیە بە ژمارە (379)ی ساڵی 2022 بڕیاری دامەزراندم بە پلەی بەڕێوبەری گشتی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژە لە ئەنجومەنی ڕاژە بۆ دەرچووە واتە پلەکەم بەرزکراوەتەوە. ئەگەر لە لە بەرپرسیاریەتی قایمقام نەمایت ئەوا نابیتە بەڕێوبەری گشتی بەڵام من ئێستا بوومەتە بەڕێوبەری گشتی نەک قایمقامی یاریدەدەر."

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەوەی ڕەتکردەوە کە دەستبەجێ هۆکاری گواستنەوەی دیاری ڕەفیق لە پۆستی قایمقام ئاشکرا بکات و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "تاوەکو ڕێکارە ئیدارییەکان بەشێوەیەکی یاسایی تەواو نەبن هیچ لەسەر پرسەکە ناڵێن."

سەبارەت بە دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە بۆ قائیمقامی قەزای سەیدسادق، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند" کەسێکی دیکە دیاری کراوە و ڕێکارەکان گیراونەتەبەر."

دەنگی ئەمەریکا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیوویەتی ڕەزا محمد ئیسماعیل قائمقامی یاریدەدەر لە پارێزگای سلێمانی لەبری دیاری ڕەفیق دانراوە و ڕێکارەکان گیراوەتەبەر بۆدەست بەکاربوونی.

دیاری ڕفیق ماوەی هەشت ساڵ و نۆ مانگە قایمقامی قەزای سەیدسادقە. لە ساڵانی 2020 بۆ 2021 چەند خۆپشاندانێکی گەورە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریەوە لە قەزاکە بەڕێوەچوون و یەکێک لە داواکارییەکان بریتی بوو لە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو.

لە خۆپیشاندانەکەدا بینای حزبەکان و قائیمقامیەت و ماڵی قایمقامیش سوتان و تا ئێستاش بینای قائیمقامیەتی قەزاکە بەسوتاوی ماوەتەوە.

دیاری ڕفیق سەبارەت بە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان لە سەیدسادق و وەرگرتنی قەرەبووی ئەو زیانانەی کە لە خوپیشاندانی قەزاکە بەرماڵەکەی کەوتوون بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، " قەیرانێکی ئابوری ڕووی لە هەرێمی کوردستان بە گشتی کردووە، تەنها پەیوەست نیە بە سەیدسادقەوە. ئەو قەرەبووەم وەرگرتووەتەوە بڕکەی ئەوەندە نیە کە باس دەکرێت."

بەشێک لە چالاکوانانی قەزای سەیدسادق لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی قایمقامیان کردووە. ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمەش بە شێکیان شیرینیان دابەشکرد وەک خۆشحاڵیەک بۆ جێهێشتنی پۆستەکە لە لایەن دیاری ڕفیقەوە.

زانا عەلی، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە قەزای سەیدسادق، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " لە ژێر فشاری چالاکواندا دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئەمەش پەیوەندی بە کەسەکەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە بەرپرسیاریەتیەکەوە هەیە کە نەیتوانیووە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قەزاکە بکات."

ئەو چالاکوانە هەروەها ڕایگەیاند، "ئەوکەسەش دوای ئەو دەست بەکاردەبێت، ئەگەر پڕۆژەی پێ نەبێت ئەوا هەمان هەوڵوێستیان بەرامبەری دەبێت".

زانا عەلی بانگەشەی ئەوەیکرد کە قایمقامی سەیدسادق بڕی 50 ملیۆن دیناری بۆ قەرەبووی خانووەکەی وەرگرتووە، لەکاتێکدا خەڵک هەبووە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە هیچ قەرەبوویەکی بۆ نەکراوەتەوە.

قایمقامی سەیدسادق ڕێژەی قەرەبووەکەی بە دەنگی ئەمەریکا نەگووت بەڵام ڕایگەیاند کە بڕەکە لە 50 ملیۆن دینار کەمترە.

قەزای سەیدسادق لە ڕووی ئیداریەوە سەربە پارێزگای سلێمانیەوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 100 هەزار هاووڵاتیە و خاوەنی یەک ناحیەیە بەناوی بەرزنجە.


XS
SM
MD
LG