Accessibility links

چەند حزبێک لە هەرێمی کوردستان ترسی لەدەستدانی کورسییەکانیان لە پەرلەماندا هەیە


ژمارەیەک لە حزب و لایەنەکان نیگەرانن لە گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە یەک بازنییەوە بۆ فرە بازنەیی و ترسیان هەیە کورسییەکانیان لە پەرلەماندا لەدەستبدەن.

ئەو حزب و لایەنانەی کە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانین و بە حزبە "بچووکەکان" ناسراون، نیگەرانن لە گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی، بەو پێیەی ترسی لەدەستدانی کورسییە پەرلەمانییەکانیان هەیە.

پێش هەڵبژاردنی پەرلەمنی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت بەڵام هێشتا وادەکەی دیاری نەکراوە، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن خواستی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانە، گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن لە فرە بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، یەکێکە لەو تەوەرانەی لە چوارچێوەی هەمواری یاساکەدا گفتووگۆی لەبارەوە دەکرێت.

پارتە "بچووکەکان" بەسود وەرگرتن لە شێوازی یەک بازنەیی لە ڕابردوودا بوون بە خاوەنی کورسی، بۆیە ترسیان لە لەدەستدانی تەنها کورسییەکانیان هەیە، بەو پێیەی لە شێوازی فرە بازنەییدا، دەنگەکانیان دابەش دەبێت و پێناچێت ببنەوە بە خاوەنی کورسییەکانیان.

عادل مەلا ساڵەح، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئێمە لەگەڵ ئەوەین لە حاڵەتی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، رەچاوی مافی حزب بچووکەکان بکرێت، حزبی بچووک بەو مانایەی ژمارەی لایەنگریان لەوانیتر کەمترە، ئەگینا حزبی سیاسی ئامانجی گەورەی هەیە."

ئەو وتیشی"گەر هەڵبژاردن بکرێتە شێوازی فرە بازنەیی، زیان بە حزب بچووکەکان دەگات، چونکە دەنگەکانیان دابەش دەبێت، ئەمەش بە زیان بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی دەشکێتەوە."

ئەو حزب و لایەنانەی خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانین، بریتین لە پارتی سۆسیال دیموکرات 1 کورسی، حزبی شیوعی 1 کورسی و پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان 1 کورسی. لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا، بزووتنەوەی ئیسلامیش یەک کورسی هەبوو. ئەمە جگە لە چەند پارت و لایەنێکی تورکمانیش.

حزب و لایەنە "بچووکەکان"، کە هەریەکەیان خاوەن چەند هەزار دەنگێکن لەسەر ئاستی هەرێم، پێیانوایە لە شێوازی هەڵبژاردنی فرە بازنەییدا، بواری بەشداری سیاسی بەرتەسک دەبێتەوە و لایەنگرانی ئەوان بێ نوێنەر دەبن لە نێو پەرلەمانی کوردستان دا.

ئەبو کاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە حزب بچووکەکان لەگەڵ شێوازی یەک بازنەیی هەڵبژاردندان، بە دەنگی ئەمەریکای وت "بەڕای من، گەر شێوازی هەڵبژاردنیش بکرێتە فرە بازنەیی، سستمی مانەوەی بەهێز پەیڕەو بکرێت، واتە لەو دەنگانەی کە لە بازنەکاندا دەمێنێتەوە، کورسی بۆ ئەو لایەنە بێت کە زۆرترین دەنگی هێناوە لەو بازنەیە."

جەختیشیکردەوە "سستمی مانەوەی بەهێز گەرەنتی بەشداریکردنی هەموو حزبکان لە هەڵبژاردن دەکات."

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، پشتگیری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر پارتی دیموکرات لەگەڵ دواخستنی هەمواری یاساکەدا بوو بۆ دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام لە ئێستادا بەرپرسەکانیان جەخت دەکەنەوە لارییان نییە لە هەموارکردنەوەی یاساکە.

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە حزبکەی پشتگیری لە شێوازی فرە بازنەیی دەکات، بە دەنگی ئەمەریکای وت"گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندایە، چونکە هەر ناوچە و دەتوانێت نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت و نوێنەرەکەی خەڵکی ناوچەکەی بێت."

هەمواری یاسای هەڵبژاردن تەنها نیگەرانی لای حزب "بچووکەکان" دروست نەکردووە، بەڵکو کێشمەکێشی لە نێوان پارتی و یەکێتی دوو حزب حوکمڕانەکەی هەرێمیشدا هێناوەتە ئاراوە، بە تایبەت پارتی پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات، یەکێتیش بۆ هەڵبژاردن مەرجی هەموارکردنەوەی یاساکەی هەیە.

شێروان زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای وت"هەمواری یاسای هەڵبژاردن، پەیوەندی بە پەرلەمان و ڕێککەوتنی لایەنەکانەوە هەیە، لەو رۆژەوەی کە ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت، کۆمیسیۆن 6 مانگی دەوێ تا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە بکات."

XS
SM
MD
LG