Accessibility links

لە ساڵی 2022 بەلایەنی کەم 52 کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لەسێدارە دراون


ڕێکخراوی هەنگاو ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا دەڵێت بە پێی ئامارەکان لە ساڵی 2022دا 52 هاووڵاتی کورد لە ئێران لەسێدارە دراون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەو کەسانەی کە ناسنامەی 51 لەوانە بڵاوکراوەتەوە لە شارە کوردییەکان و شارەکانی تری ئێراندا لەسێدارە دراون. ئەمەش لە کاتێدایە ڕێژەکە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو %8 زیادی کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە زیندانەکانی ورمێ و خورەمئاباد بووە کە لە هەر یەکەو 9کەس لەسێدارە دراون. لە زیندانەکانی ئیلام و کەرەجیش 8 حاڵەت تۆمارکراون، 6 لە کرماشان، 5 لە ئەرەک، و4 یش لە سنە. لە هەریە لە بەندیخانەکانی حکومەت لە ئەلیگوودەرز، میاندواو و یەزدیش حاڵەتێک تۆمار کراوە.

ئەم ڕاپۆرتەش لە کاتێکدا بڵاوکراوەتەوە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤیش بڵاوی کردووەتەوە لە 19ی ئەم مانگە سزای مەرگی دوو زیندانی بە ناوەکانی سەید فەرهاد حسەینی و کامیل دوودکانلوو لە زیندانی سەڵماس جێبەبەجێکراوە.

تۆڕەکە دەڵێت کامیل دوودکانلوو باوکی چوار منداڵ خەڵکی گوندی قەباخ تەپەی سەر بە سەڵماسە و چەند ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

سەید فەرهاد حسەینی خەڵکی گوندی تەمەر ئاوای سەڵماسە نزیکەی ساڵو نیوێک لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاووڵاتییەک دەستگیرکراو سزای مەرگی مەرگی بەسەردا سەپێندرا، سەرچاوەکان دەڵێن لە ژێر ئەشکەنجەدا دانی بەتاوانەکەدا نابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئێران لە دوای چین لە پلەی دووهەمدایە لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان و لە ساڵی 2021دا بەلانیکەم 314 کەس لە سێدارە دراون.

XS
SM
MD
LG