Accessibility links

خانمێکی سەرمایەداری بەریتانی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تۆمەتباردەکرێت


پۆلیسی سکۆتلەندا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، هاوسەرۆکی دامەزرێنەری گەورەترین کۆمپانیای پاس لە بەریتانیا، دوای لێکۆڵینەوەیەک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کۆچبەرانەوە تۆمەتبار کرا.

بەپێی هەواڵێکی پۆلیسی سکۆتلەندا، ئان گلۆاگ کە زیاتر لە چوار دەیە لەمەوبەر لەگەڵ براکەی هاوبەشی دامەزراندنی کۆمپانیای پاسی ستێجکۆچ بووە، ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سێ کەسی دیکەدا بە تاوانانە تۆمەتبارکراون.

تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەلایەن دەزگا فەرمییەکانەوە لەسەر ئەم هەواڵە ئاشکرا نەکراوە.

بەڵام بی بی سی نیوز بڵاویکردەوە، دەیڤید مەکلیری هاوسەری گلۆاگی تەمەن 80 ساڵ و دوو ئەندامی دیکەی خێزانەکەیان ئەو کەسانەی دیکەن کە تۆمەتبارکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر چواریان بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە کە ئاراستەیان کراوە.

وتەبێژی کۆمپانیای گلۆاگ کە لە ساڵی 2019 دا بەهۆی کارە بازرگانی و خێرخوازییەکانیەوە باناوبانگی دەرکرد، وتی " ناکۆکی توند لەسەر ئەو تۆمەتە زیانبەخشانە هەیە کە ئاراستەی ئەو و دامەزراوەیە و ئەندامانی خێزانەکە کراوە".

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە توندی بەرگری لە خۆی و کارەکانی دامەزراوەکەی دەکات و بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ یارمەتیدانی هەزاران کەس لە بەریتانیا و دەرەوەی وڵات."

گلۆاگ لە ساڵی 2008 وەک دامەزرێنەرێکی دامەزراوەی خیرخوازی گلۆاگ ناوی دەرکرد کە کاردەکات بۆ پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژانەی کە "ڕێگری لە هەژاری دەکەن یان ڕزگاریان دەکەن و هاندەری پێشخستنی پەروەردە و تەندروستی و ئایینن لە بەریتانیا و دەرەوەی وڵات".

بەپێی هەواڵەکە، پێدەچێت ئەو تۆمەتانە پەیوەندی بەو کەسانەوە هەبێت کە لە چوارچێوەی کارەکانی ئەو ڕێکخراوە خێرخوازییەدا هێنراونەتە سکۆتلەندا.

کۆمپانیای ستێجکۆچ کە لە ساڵی 1980 دامەزراوە و دواتر بووە گەورەترین بەڕێوەبەری پاس لە بەریتانیا، ئێستا لەلایەن کۆمپانیای ژێرخانی دی دەبلیو ئیس بەڕێوەدەبرێت. گلۆاگ کە پێشتر دەوڵەمەندترین ژنی سکۆتلەندا بووە، لە ساڵی 2019 لە کۆمپانیاکە خانەنشین بووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG