Accessibility links

بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران


لە ١٢٧مین ڕۆژی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە ڕۆژی هەینی ٢٠ی مانگی یەک، هەزاران کەس لە خۆپیشاندەرانی بەلووچ وەک هەینییەکانی ڕابردوو هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامییان وتەوە.

پازدەهەمین هەینی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی سیستان و بەلوچستان بە تایبەت لە زاهیدان بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر بەڕێوەچوو.

ناڕەزایەتییەکانی زاهیدان لەکاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی مانگ، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێوشوێنی توندی ئەمنی لە زاهیدان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکاندا گرتبووەبەر، و هێزە ئەمنییەکان وێستگەیان بۆ پشکنینی بەرفراوان لە شار و دەروازەکانی هاتنە ژوورەوە دروستکردبوو. هەروەها بەگوێرەی هەواڵەکانی "کەمپینی چالاکانی بەلووچ"، مزگەوتە سەرەکییەکانی شاری زاهیدان بەهەمان شێوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ درابوون.

مەولوی عەبدولحەمید، کەسایەتی ناودار و بەرنوێژی ئەهلی سوننەتی شاری زاهیدان لە وتاری هەینیدا ڕەخنەی لە ژینگەی ئەمنی سیستان و بەلوچستان گرت و بە ئاشکرا ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و گوتی "هەشتا ساڵان و نەوەد ساڵان" ناتوانن بڕیار بۆ "گەنجانی ئەمڕۆی ئێران" بدەن.

عەبدولحەمید جەختی لەوە کردەوە و گوتی "پێویستە گوێ لە قسە و داواکاری گەنجان و ژنان بگرین و نابێت بیانخەینە زیندانەوە."

لێدوانەکانی عەبدولحەمید لەو چوارچێوەیەدا دەدرێن کە لە کۆماری ئیسلامیدا نەک هەر عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران تەمەنی ٨٣ ساڵە، بەڵکو بەرپرسانی دیکە کە لە پۆستە سەرەکییەکانی وەک شورای نیگەهبان و مەجلیسی کارناساندان، بە هەمان شێوە زۆر پیرن.

لە نێویاندا عەلی جەننەتی، سکرتێری شورای نیگەهبان و سەرۆکی مەجلیسی کارناسان کە تەمەنی ٩٥ ساڵە.

هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی سیستان و بەلوچستان، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە لە سوپای پاسدارانەوە نزیکە، لە هەواڵێکدا ڕایگەیاندوە کە سوپای پاسداران "دوو گرووپی سەر بە داعشی" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دەستگیر کردوە.

جێی ئاماژەیە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دوای دانانی محەممەد کەرمی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی بنکەی قودسی سوپای پاسداران وەک پارێزگاری سیستان و بەلوچستان، گوشارەکان لەسەر خەڵکی ئەم پارێزگایە زیاتر بووە. هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم سەد کەس لە زاهیدان لە ژێر ناوی "چەقۆکێش و دز و بیانی نایاسایی دەستگیرکراون، بەڵام سەڕچاوەکانی مافی مرۆڤی بەلووچ ڕایانگەیاندوە که ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەربووان هاووڵاتی ئاسایی و منداڵ و ئەو کەسانەن کە ناسنامەیان نییە.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەکەوێتە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و نزیکەی ١١%ی کۆی ڕووبەری وڵاتی ئێران دەگرێتەوە. ئەم ناوچەیە کە نزیکەی هەزار و ١٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان هەیە، بە یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێران دادەنرێت.

دەوترێت بەهۆی هەژاری و نەخوێندەواری و نەبوونی زانیاری هەندێ لە خەڵکی گوندەکانی ئەو پارێزگایە لەکاتی خۆیدا داوای ناسنامەی لەدایکبوونیان بۆ منداڵەکانیان نەکردووە و لە ئیستا هەزاران خەڵکی بەلووچ هیشتا بێ ناسنامەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کەمپینی چالاکانی بەلووچ سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤی بەلووچستان، ٥٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی ئەو پارێزگایە کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵە، هێشتا ناسنامەی لەدایبکوونیان نییە.

لەوەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێستای ئێران، خەڵکی زاهیدان هەموو هەینییەک دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دژە حکومەت و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێكخراوە مرۆییەکان، سیستان و بەلوچستان یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان و دەستبەسەرکردنی هەبووە.

XS
SM
MD
LG