Accessibility links

شەپۆلی سەرمای سەختی ئەفغانستان دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس


شەپۆلی سەرمای سەختی ئەفغانستان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٧٨ هاووڵاتی و لەناوچوونی نزیکەی ٧٧ هەزار ئاژەڵ.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندوە لە کۆی 34 پارێزگای وڵاتەکە، لە هەشت پارێزگادا بەهۆی سەرماوە خەڵک گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرما و بەستەڵەکی ئەمساڵ لە ئەفغانستان کە لە ١٠ی مانگی یەکی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، لانیکەم لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتدا بێ وێنە بووە و بەشی کەشناسیی ئەو وڵاتەش پێشبینی کردووە کە شەپۆلی سەرمای ئێستای ئەفغانستان لانیکەم بۆ ماوەیەکی دیکە و تا هەفتەی داهاتووش بەردەوام بێت.

ڕۆژنامەیەکی پارێزگای غور لە ناوەندی ئەفغانستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە پلەی گەرمی هەوای ئەم ناوچەیە گەیشتووەتە خوار ٣٣ پلەی سەدی.

بەپێی ئاماری نووسینگەی هەماهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، ٢١ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاریی خۆراکی بەپەلە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، قەدەغەکردنی دامەزراندنی ژنان لە لایەن تاڵیبانەوە لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان، بووەتە هۆی خاوبوونەوەی پرۆسەی فریاگوزاری لە وڵاتەدا.

تەنانەت لە سەرەتای وەرزی زستانیشدا، کارمەندانی تەندروستی باسیان لە زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئەو منداڵە بچووکانە کردبوو کە بەدەست حاڵەتە سەختەکانی هەوکردنی سییەکان و نەخۆشییەکانی دیکەی هەناسەدانەوە دەناڵێنن، بەشێکیش بەهۆی خراپبوونی هەژارییەوە بووە کە وایکردووە خەڵک نەتوانن ماڵەکانیان بە باشی گەرم بکەنەوە.

هەروەها لە ماوەی ٩ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٧٧ هەزار ئاژەڵ لەناو چوون کە ئەمەش مەترسی سەر ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکەی زۆرتر دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG