نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە یەکەم کاروانی مرۆیی خۆی گەیشتووەتە ناوچەی دەوروبەری سۆلێدار کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێک لە توندترین شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەخۆیەوە بینیوە.
جێنس لارکێ، وتەبێژی دەزگای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆچا لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: هاوکارەکانمان لە ئۆکرانیا تازە گەیشتوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و نزیک لە سۆلێدار لە ڕۆژهەڵاتی ئۆبلاستی دۆنێتسک.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە یەکەم کاروانی نێوان دەزگاکانە کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە بگاتە ئەم ناوچەیە".
لارکێ ئاماژەی بەوەشکردووە، کاروانە سێ بارهەڵگرەکە سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی لە دنیپرۆوە بەڕێکەوتووە و خۆراک و ئاو و کەرەستەی پاکوخاوێنی و پێداویستی پزیشکی بۆ 800 کەسیان پێبووە.
وتی کاروانەکە گەیشتبووە ناوچەیەکی نزیک لە شارۆچکەی سۆلێدار کە شەڕی خوێی لەسەرە و تیمەکەش لە پرۆسەی دابەزاندنی هاوکارییەکان بوون.
وتیشی: شەڕەکانی ئەم دواییە لە سۆلێدار و دەوروبەری ماڵوێرانییەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و خەڵکی ئەوێ زۆر پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، بە دیاریکردنی ئەوەی کە هاوکارییەکان بۆ خەڵکی سڤیل دانراون.
لارکێ وتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیوادارە بتوانێت کاروانی زیاتر بنێرێتە ناوچەکە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "دەستگەیشتن شتێکە کە پێویستە ڕۆژانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت".
وتیشی: "هیوادارین جارێکی دیکە کاروانی تر بنێرین چونکە کاتێک هاوکارییەکانی وەک خۆراک و کەرەستەی دیکە تەواودەبن، بێگومان پێویستیان بە زیاتر دەبێت".
"ئەوە ماوەیەکی دیاریکراو دەخایەنێت و دواتر پێویستە بگەڕێینەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا کاروانێکی دواتر ڕەنگە بچێتە ناو خودی سۆلێدار کە جەنگی لەسەرە، وتی تا ئێستا ڕوون نییە.
وتیشی: "وەک هەمیشە بە مەرجی دۆخی ئەمنی لەسەر زەوی دەمێنێتەوە کە ئایا کاروانێکی لەو شێوەیە دەتوانێت لە داهاتوودا بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەرەو پێشەوە بچێت یان نا".
ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەستی بەسەر سۆلێداردا گرتووە، بەڵام ئۆکرانیا پێداگری دەکات کە شەڕەکە بەردەوامە کە تیایدا هەردوولا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
سەرچاوە/ ئەسیۆشییەتد پرێس