Accessibility links

بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئێزیدییەکان بۆچی گرنگە؟


پاش بڕیارەکەی خانەی خواروی پەرلەمانی ئەڵمانیا ( بوندێستاگ) بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە لە عێراق، چالاکوانانی ئێزیدی خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و بڕیارەکەیان بە گرنگ وەسف کرد.

یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی ئێزیدیەکان کە لەوەتای ساڵی 2014 وە کاردەکات بۆ گەیاندنی دەنگی ئێزدییەکان بە جیهان دەڵێت دانپیادانان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان تەنها پشتیوانییەکی مەعنەوی نییە بەڵکو ئەمە بریتییە لە کۆمڵێک کرداریش "بە تایبەتی لە کاتێکدا ئەم بڕیارە بە پشتیوانی هەر چوار پارتی سەرەکی ئەڵمانیا پەسەند کراوە کۆمەڵێک هەنگاوی کرداریشی تێدایە بۆ نمونە پشتیوانی خەڵکی کۆمەڵگەی ئێزیدی، ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و پاراستی مافی پەنابەرەکان."

دکتۆر میرزا دنایی خاوەن خەڵاتی ئارۆرا بۆ گەشەپێدانی مرۆڤایەتی، چالاکوان و سەرۆکی ڕێکخرای پردی ئاسمانی عێراق و ئەڵمانیا و دامەزرێنەری ماڵی پێکەوەژیانی شەنگال لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی ئەم بڕیارانە " ڕۆڵێکی کاریگەریان دەبێت لە ڕووی ئارامکردنەوەی ڕەوشی شەنگال و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال. خاڵێکی تری گرنگیش لەم بڕیارەی ئەڵمانیادا ئەوەیە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە هاوکاری ئەڵمانیا بۆ سندوقی بونیادنانەوەی شەنگال ئەنجام بدرێت. هەندێک خاڵی گرنگی لەم جۆرە ڕەنگە ببێتە مایەی گۆڕانکای گەورە لە ڕەوشی شەنگالدا."

هەتا ئێستا زیاتر لە 10 وڵاتی جیهان کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانی بە جینۆساید ناساندووە لەوانەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، بەڵجیکا، هۆڵەندا، ئیتالیا، پورتوگال، ئوسترالیا، ئەرمینیا و ئیستاش ئەڵمانیا.

دکتۆر دنایی باس لەوەش دەکات کە ئەم بڕیارە بە دوو جۆر هاوکاری کێشەی پەنابەرە ئێزیدییەکان دەکات " یەکەم: ئەو کەسانەی کە پەنابەرن یان لە دەرەوەی ناوچەکە ئاوارە بوون بزانن کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەم جۆرە هاوسۆزی هەیە و پشتیوانیان دەکات هەست بە ئارامی و ئاشتی و جۆرێک لە متمانە دەکەن. دووهەم: چونکە بڕیارەکە هەندێک خاڵی کرداری بۆ پشتیوانی شەنگال تێدایە بە تایبەتی لە ڕووی ئابوری و هەروەها بە دیاریکراوی لەم بڕیارەی ئەڵمانیادا، ئەڵمانیا دەیەوێت ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر بۆ هاوکاریکردنی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان، بێگومان ئەمەش ڕۆڵێکی کاریگەری سیاسی هەیە و خەڵکەکە هەست بە متمانەیەکی ئاسایشی زیاتر دەکەن تا بتوانن بگەرێنەوە زێدی خۆیان."

پرۆفیسۆر جان ئیلهان کزلخان، دەرونناسی بەناوبانگی ئێزیدی کە کاری لەسەر خەمۆکییەکانی پاش کارەساتی ئێزیدییەکان کردووە پاش بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە تویتێکدا ڕایەگەیاند " لەم ڕۆژە گرنگەدا، بیرم لای زیاتر لە دوو هەزار 700 مرۆڤی ئێزیدی و منداڵی بێسەروشوێنە. هیوادارم ئەم دانپیادانانە لەم کاتە تاریکەدا ببێتە مایەی تیشکی ڕووناکی و ئارامی بۆ داهاتوو ."

نادیە موراد چالاکوان و ڕزگاربووی دەستی داعش کە خاوەن خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی لە هەژمارەی تایبەتی تویتەریدا سوپاسی ئەڵمانیای کردووە و دەڵێت "ئەڵمانیا یەکێک بوو لە یەکەمین لایەنگرانی چالاکانەی کۆمەڵگەی ئێزیدی. هیوادارم دانپێدانانی فەرمی ئەوان ببێتە مایەی هاندانی وڵاتانی دیکە تا هەمان ڕێگە بگرنەبەر. ڕزگاربووان شایەنی کەمتر نین."

بوندێستاگ دوای هەڵسەنگاندنی یاسایی لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ، بڕیاریدا "تاوانەکانی دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی وەک جینۆساید بناسێنێت."

دەقی بڕیارەکە ئیدانەی "دڕندایەتی لە ئەندازەبەدەر" و " نادادپەروەری ستەمکارانە" دەکات کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە " بە مەبەستی پاکتاوی تەواوی کۆمەڵگەی ئێزیدی " ئەنجام دراوە.

ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر هەژماری تویتەری فەرمی وەزارەت بڕیارەکەی بە دوو زاراوەی زمانی کوردی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردووەتەوە.

بڕیارەکەی بوندێستاگ لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیشەوە پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ ئەو هەنگاوە.

چەکدارانی گروپی توندڕەوەی ئیسلامی داعش لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 زیاتر لە 1200 ئێزیدیان کۆمەڵکوژ کرد و سەدان ژن و کچی ئێزیدی ڕفێندران و کران بە کۆیلەی سێکسی.

لەو کاتەوە بەلایەنی کەم 450 هەزار ئێزدی ئاوارە بوون. زیاتر لە 300 هەزار لەوانە لە نێو شارەکانی هەرێمی کوردستان یان لە دۆخێکی خراپی کەمپی پەنابەراندا دەژین.

XS
SM
MD
LG